ئەمساڵ لە پەیمانگه‌ی نابینایانی هه‌ولێر 14 قوتابی نوێ وەرگیراون

په‌یمانگای رووناكی بۆ نابینایان لە سلێمانی
په‌یمانگای رووناكی بۆ نابینایان لە سلێمانی

ئەمساڵ لە پەیمانگه‌ی نابینایانی هه‌ولێر 14 قوتابی وەرگیراون؛ هاوكات بەگوێرەی ستانداردی پەیمانگه‌کە لە هەر پۆلێک نابێت لە شەش قوتابی زیاتری تێدا بێت.

حەسەن یووسف، بەڕێوەبەری پەیمانگای نابینایان لە هەولێر، ئەمڕۆ دووشەممە، 20ـی تشرینی یەکەمی 2025، بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی ڕاگەیاند: ئەمساڵ لە پەیمانگه‌كه‌یان 14 قوتابی وەرگیراون و وەرگرتنی قوتابییان ساڵانە دەگۆڕدرێت، بەڵام پێویستە بەگوێرەی ستاندار بێت.

بەڕێوەبەری پەیمانگه‌ی نابینایانی هه‌ولێر ئاماژەی بەوە کرد، لە هەر پۆلێک نابێت لە شەش زیاتر قوتابی تێدا بێت و هەمان ئەو پرۆگرامەی له‌ قوتابخانه‌كان ده‌خوێنرێت له‌ په‌یمانگه‌كه‌یان ده‌خوێنرێت، هاوكات له‌ زیادكردنی چه‌ند وانه‌یه‌كی دیكه‌ی وەک: چۆنیەتی بەکارهێنانی گۆچان، شێوازی ڕێنووسی برایل و چەند بابەتێکی دیکەی تایبەت بە نابینایان.

حەسەن یووسف، گوتیشی: کۆی گشتیی قوتابییان بە کوڕ و کچەوە، بۆ وەرزی خوێندنی ئەمساڵ، 82 قوتابییه‌، دوای تەواوبوونی پۆلی نۆ، دەتوانن لە هەر ئامادەییەک بیانەوێت بخوێنن و ئەمساڵ 13 قوتابی لەو پەیمانگایە دەردەچن.

حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە تەواوی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان، لە ڕێگەی ڕەخساندنی دەرفەتی خوێندنەوەر چەندین پەیمانگا و سەنتەری تایبەتی بۆ خاوەن پێداویستیە تایبەتەکان دابینکردووە.

 
 
 
Fly Erbil Advertisment