کەسی دووەمی رووداوی کافتریاکەی هەولێر خۆی رادەست کرد
خۆی رادەستی هێزەکانی پۆلیس کردووە
K24- هەولێر:
پۆلیسی هەولێر دەستگیرکردنی تۆمەتبارێکی دیکەی رووداوی تەقەکردن لە کافتریایەک لە عنکاوە رادەگەیەنێت.
بەگوێرەی راگەیەندراوێکی پۆلیسی هەولێر، دوای ئەوەی رووداوێکی شەڕکردن لە یەکێک لە کافتریاکانی نزیک ناحیەی عەنکاوە روویدا کە چوار تۆمەتبار بەشداربوون، لەئاکامدا تەقە دروست دەبێت و خاوەن کافتریاکە زامدار دەبێت.
ئاشکرایکردووە، ھێزەکانی پۆلیس یەکێک لە تۆمەتبارەکانیان دەستگیرکرد و سێ تۆمەتباری تر لە شوێنی رووداوەکە رایانکردبوو، دوای هەوڵ و ماندووبونێکی زۆری ھێزەکانی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای هەولێر بۆ دەستگیرکردنی تۆمەتبارەکان، دواتر تۆمەتبارێک بەناوی (ڕ.خ) خۆی رادەستی هەواڵگری گشتی کرد و رادەستی پۆلیسی هەولێر کرایەوە.
لە راگەیەندراوەکە هاتووە، تۆمەتبارەکە راگیراوە بەپێی ماددە (405 بڕگە 31) لە یاسای سزادان.
پۆلیسی هەولێر هاووڵاتیان دڵنیا دەکاتەوە، پۆلیس شەو و رۆژ لە ئەرکدادەبێت بۆ پاراستنی ئارامی شاری هەولێر و سەروماڵیان.