ئاوارەکانی شنگال: دەستکاری لە ناوی دەنگدەران کراوە تا نەتوانین دەنگ بدەین
ئاوارەکانی شنگال داوای مافی دەنگدانیان دەکەن، نیگەرانییەکانیش لەسەر لیستی دەنگدەران زیاتر دەبن.
لە کاتێکدا هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق نزیک دەبێتەوە، ئاوارەکانی شنگال لە کەمپەکانی دهۆک و زاخۆ نیگەرانیی قووڵی خۆیان سەبارەت بە لەدەستدانی مافی دەنگدان و ئەگەری دەستکاریکردنی ئەنجامەکانی پرۆسەکە، دەردەبڕن.
زۆرێک لە ئاوارەکان، کە ژمارەیان دەیان هەزار کەس دەبێت، ئەم هەڵبژاردنە بە یەکلاکەرەوە و گرنگ دەزانن بۆ داهاتوویان و دەیانەوێت نوێنەری ڕاستەقینەی خۆیان هەڵبژێرن.
بەگوێرەی ئامارە فەرمییەکان، 31,000 ئاوارەی شنگال لە 14 کەمپدا دەژین. لەم ژمارەیە، 26,000 کەسیان مافی دەنگدانیان هەیە. 75%ی ئەم ئاوارانە لە پارێزگای دهۆک نیشتەجێن، و 25%ی دیکەش لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ دەژین. بۆ دەنگدانی ئەم ئاوارانە، 22 بنکە و 98 وێستگە ئامادە کراون.
شێخ حوسێن، یەکێک لە ئاوارەکان، ڕایگەیاند، ناڕەزایەتییەکی زۆر هەیە لەسەر کارەکانی وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق، بەتایبەتی لەبارەی لیستی دەنگدەران. ئاماژەی بەوەش دا، زۆر جار ناوی ئەندامانی یەک خێزان لە شوێنی جیاوازدا تۆمار کراون، یان هەندێک ناو دووبارە بوونەتەوە و هەندێکیش بە تەواوی پشتگوێ خراون.
ڤیان دەخیل، کاندیدی لیستی پارتی دیموکراتی کوردستان لە شنگال، نیگەرانی خۆی دەربڕی و گوتی حکوومەتی عێراق و وەزارەتی کۆچبەران هەوڵ دەدەن دەنگی خەڵکی شنگال کپ بکەن و نەهێڵن مافی خۆیان وەرگرن.
ئەو جەختی کردەوە "ئەم هەوڵانە قبووڵ ناکرێن" و داوا دەکەن هەموو ئەو ئاوارانەی لە کەمپەکاندا دەژین بتوانن دەنگ بدەن، بەتایبەتی ئەوانەی ناویان لە شنگال تۆمار نەکراوە. داواشی کرد، نوێنەری ڕاستەقینەی شنگال بچنە پەرلەمان بۆ ئەوەی داکۆکی لە مافەکانیان بکەن و ڕێگە نەدەن دوژمنان بیانکەنە ئامانج.
هاوکات، هۆگر جاسم، جێگری بەرپرسی نووسینگەی دهۆکی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، ڕایگەیاند، داتاکان بۆ بەغدا نێردراون و بەردەوام گفتوگۆ لەگەڵ وەزارەتی کۆچ و کۆچبەران دەکرێت بۆ چارەسەرکردنی کێشەی دووبارەبوونەوە و ناتەواوی ناوەکان.
ئاوارەکانی شنگال، کە ساڵانێکی زۆرە لە دۆخێکی سەختدا لە کەمپەکان دەژین و چاوەڕێی ئەم هەڵبژاردنە بوون، دڵگرانن بەوەی کە دەنگدانیان لەلایەن لایەنە سیاسییەکانەوە بە مەبەستی سیاسی بەکاربهێنرێت.