پێش دەستپێکردنەوەی گەشتەکان، هێرش کرایە سەر فڕۆکەخانەی خەرتووم

فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی خەرتووم، پێش دەستپێکردنەوەی گەشتەکانی بۆ ناوخۆ و دەرەوەی وڵات، بە درۆن هێرشی کرایە سەر.
بەرەبەیانی ئەمڕۆ سێشەممە، 21ی تشرینی یەکەمی 2025، بە درۆن هێرشکرایە سەر فڕۆکەخانەی خەرتووم لە سوودان.
ئاژانسی 'فڕانس پرێس' لە زاری شایەتحاڵێکەوە ڕایگەیاندووە، کاتژمێر چواری بەرەبەیانی، بە دەنگی درۆن لە خەودا ڕاچڵەکیوە، دوای ماوەیەکی کەم گوێبیستی تەقینەوە بووە.
ئەمەش لە کاتێکدایە بڕیار بوو ڕۆژی چوارشەممە، 22ی تشرینی یەکەم، فڕۆکەخانەکە بەڕووی گەشتە ناوخۆیی و دەرەکییەکاندا بکرێتەوە، کە نزیکەی دوو ساڵە بەهۆی شەڕ و ئاڵۆزییەکانی ناوخۆی وڵاتەکەوە هەموو گەشتەکانی ڕاگیرابوون.
دوێنێ دووشەممە، 20ـی تشرینی یەکەمی 2025، دەسەڵاتی فڕۆکەوانیی مەدەنیی سوودان ڕایگەیاندبوو، دوای تەواوکردنی ئامادەکارییە تەکنیکییەکان، فڕۆکەخانەی خەرتووم هەنگاو بە هەنگاو لە ڕۆژی چوارشەممە، 22ی ئەم مانگە، دووبارە بەڕووی گەشتەکاندا دەکرێتەوە.
فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی خەرتووم، لە نیسانی 2023ـەوە لە دوای هەڵگیرسانی شەڕ لەنێوان سوپای سوودان و هێزەکانی پشتیوانی خێرا، داخراوە و یەکێک بووە لەو ژێرخانە گرنگانەی پایتەخت کە بەهۆی شەڕی ناوخۆوە زیانێکی زۆری بەرکەوتووە.