بەرپرسانی هەواڵگریی میسر و ئیسرائیل تاوتوێی ئاگربەستی غەززەیان کرد

 

نووسینگەی سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردووەتەوە و ئاشکرای کردووە، بە ئامادەبوونی سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکی هەواڵگریی میسر، حەسەن ڕەشاد و سەرۆکی شاباک، دەیڤد زینی، تاوتوێی هەنگاو و قۆناغەکانی ڕێککەوتنی ئاگربەستی غەززە دەکەن.

بە گوێرەی ڕاگەیەندراوەکەی نووسینگەی ناتانیاهۆ، کۆبوونەوەکە ئەمڕۆ سێشەممە 21ـی تشرینی یەکەمی 2025، لە ڕۆژئاوای قودس لە نێوان دەزگای هەواڵگریی میسر و ئیسرائیل بەڕێوەچووە، بەرپرسی هەواڵگریی میسر ئەمڕۆ بە سەردانێکی بە پەلە و ڕانەگەیەندراو، بۆ تاوتوێی ڕێککەوتنی ئاگربەست و کۆتایی هێنان بە شەڕی غەززە، گەیشتووەتە ئیسرائیل.

سەردانەکەی حەسەن ڕەشاد هاوکاتە لەگەڵ سەردانەکەی جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمەریکا و هەردوو نێردەی کۆشکی سپی، ستیڤ ویتکۆف و جێرد کوشنەر بۆ ئیسرائیل.

لە کۆبوونەوەکەدا، هەردوو لا ڕێگاکانی پێشخستنی پلانی ترەمپ، پەیوەندییەکانی نێوان ئیسرائیل و میسر و بەرەوپێشبردنی ئاشتی لە نێوان هەردوو وڵات تاوتوێکراوە، هەروەها گفتوگۆ لەسەر پرسە ناوچەییەکانی دیکەش کراوە.

هەروەها دەستەی پەخشی ئیسرائیل بڵاوی کردووەتەوە، کۆبوونەوەکە لەسەر پاشخان و جێبەجێکردنی پلانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا، بۆ جێبەجێکردنی ئاگربەست گفتوگۆ کراوە.

هەر بە گوێرەی زانیارییەکانی دەستەی پەخشی ئیسرائیل، سەرۆکی دەزگای هەواڵگریی میسر، چاوی بە دەیڤد زینی سەرۆکی نوێی دەزگای ئاسایشی گشتی ئیسرائیل ناسراو بە (شاباک) کەوتووە،  ئەمەش بە یەکەمین دیداری نێوان هەردوو بەرپرس دادەنرێت.

میسر یەکێکە لە چوار وڵاتە نێوەندگیرەکەی دانوستانەکانی حەماس و ئیسرائیل، کە دواجار لە سەرەتای ئەم مانگە میوانداری لووتکەی شەرم شێخی کرد بۆ کۆتایی هێنان بە شەڕ و ڕێککەوتنی نێوان حکوومەتی ئیسرائیل و حەماس.

 
Fly Erbil Advertisment