لیستی نوێی ناوی خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان ئامادە دەکرێت

بەڕێوەبەری گشتیی چاودێری و گەشەپێدانی کۆمەڵایەتی هەولێر، ئاماژە بەوە دەکات، پێشنیازێکی نوێیان بە وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی داوە، بۆ باشترکردنی ژیانی خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان.
یوسف چاوشین، بەڕێوەبەری گشتیی چاودێری و گەشەپێدانی کۆمەڵایەتی هەولێر لە وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی، ئەمڕۆ سێشەممە، 21ـی تشرینی یەکەمی 2025، بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی گوت: لە ساڵی 2014ـەوە تاوەکوو ئێستا دابینکردنی مووچە بۆ خاوەن پێداویستییە تایبتەکان ڕاوەستاوە، ئەمە سەرەڕای ئەوەی کە لەم ماوەیە وەزارەتەکەمان بەردەوام هەوڵی دابینکردنی ئەم مووچەیەی داوە و تەنانەت ساڵی ڕابردوو لیستی ناوی 13 هەزار و 121 خاوەن پێداویستی تایبەتی دیکە لە لیژنەکانی پزیشکی دەرچووبوون، لە ڕێگەی ئەنجوومەنی وەزیران و وەزارەتی دارایی هەرێم ئاراستەی وەزارەتی دارایی عێراقی کرد، بەڵام تاوەکوو ئێستا وەڵامیان نییە.
یوسف چاوشین ئاماژەی بەوە دا، بە نووسراوێک پێشنیازی نوێیان ئاراستەی ئەنجوومەنی وەزیران کردووە و ئەنجوومەنی وەزیرانیش ڕای وەزارەتی دارایی لەم بارەیەوە داوا کردووە.
دەربارەی ناوەرۆکی پێشنیازەکان، بەڕێوەبەری گشتیی چاودێری و گەشەپێدانی کۆمەڵایەتی، باسی لەوە کرد، یەکەم داوا کە کردوومانە تەرخانی دارایی بۆ چاودێری خێزان و مووچەی خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان بۆ ساڵی داهاتوو پەسەند بکرێت، هەروەها داوامان کردووە ئەو خاوەن پێداویستییە تایبەتانەی بە هۆی کۆچی دوایی یان هەر هۆکارێکی دیکە لە لیستی مووچەی خاوەن پێداوستییە تایبەتەکان نامێنن، کەسانی دیکە لە شوێنیان دابندرێن.
یوسف چاوشین، گوتیشی: سەبارەت بەم پێشنیازانە، بڕیارە لە ئەنجوومەنی وەزیران کۆبوونەوەیەک بە ئامادەبوونی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی و وەزارەتی دارایی بکرێت و بڕیارێکی گونجاو بۆ ئەم بابەتە بدرێت.
لە هەرێمی کوردستان زیاتر لە 72 هەزار خاوەن پێداویستی تایبەت مانگانە هاوکاریی دارایی لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان وەردەگرن.