بارانبارین دەست پێدەكاتەوە
كەشوھەوای ھەرێمی كوردستان
K24 – ھەولێر
كەشناسی رایدەگەیەنێت، لە ئەنجامی كاریگەری نزمە پاڵەپەستۆی لاوازی دەریای ناوەڕاست، سبەی لە ھەندێك ناوچەی ھەرێمی كوردستان باران دەبارێت.
بەڕێوەبەرایەتی گشتی كەشناسی و بومەلەرزەزانی ھەرێمی كوردستان لە راپۆرتێكدا ئاشكرای كرد، لەگەڵ درێژبوونەوەی ئەم كاریگەریە ئاسمانی بەشێك لە ناوچەكانی ھەرێم دەگۆڕێت بۆ نیمچە ھەور و ھەوری تەواو، بەتایبەتی لە سنووری پارێزگای دھۆك، واتا ناوچە شاخاوییەكانی و بەشێك لە ناوچە شاخاوییەكانی سنووری پارێزگای ھەولێر، لە كاتەكانی ئێوارەی رۆژی دووشەممە باران بەشێوەی پچڕ پچڕ دەبارێت، ئاسمانی شارەكان نیمچە ھەور دەبێت.
كەشناسی راشیگەیاندووە، پلەی گەرما 3-5 پلە نزم دەبێتەوە، ھاتنی كاریگەری ئەم نزمە پاڵەپەستۆیە دەستپێكێك دەبێت لە كەشی ناوچەكە. پێشبینی دەكرێت لە چەند رۆژی داھاتوودا ئاسمانی ھەرێم نیمچە ھەوربێت و لە ھەندێك كاتدا خێرای با زیاد دەكات.




