ئەمەریکا بنکەیەکی سەربازی لە ئیسرائیل کردەوە

نەتەوە یەکگرتووەکان داوای ناردنی هاوکاریی زیاتر بۆ کەرتی غەززە دەکات.

فەرماندەیی ناوەندی هێزەکانی ئەمەریکا (سێنتکۆم) ڕایگەیاند، بنکەیەکی سەربازی بە مەبەستی چاودێری جێبەجێکردنی قۆناغەکانی ئاگربەستی غەززە و گەیشتنی هاوکارییە مرۆییەکان لە ئیسرائیل کردووەتەوە.

فەرمادەیی ناوەندی هێزەکانی ئەمەریکا لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاشکرای کردووە، لە 17ی ئەم مانگەوە، بنکەیەکی سەربازیی ئەمەریکایان لە ئیسرائیل کردووەتەوە، بۆ ئەوەی لە نزیکەوە ئاگاداری ئاگربەست و گەیشتنی هاوکارییە مرۆییەکان بۆ کەرتی غەززە بکەن.

ئاماژەی بەوەشکردووە، یەکێکی دیکە لە ئامانجەکانی کردنەوەی ئەو بنکە سەربازییە ئەوەیە، سەقامگیری لە ناوچەکە دروست بێت، هەروەها ئاسانکاری بۆ گەیشتنی هاوکارییەکان بکرێت کە لە ڕووی مرۆیی و لۆجێستی و ئەمنییەوە لە لایەن وڵاتانەوە ڕەوانەی کەرتی غەززە دەکرێت.

براد کۆپەر فەرماندەی هێزەکانی سێنتکۆم  دەڵێت، لە ڕێگەی تیمێکی هەڵسەنگاندنی تایبەتەوە، لە نزیکەوە سات بە سات چاودێری جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی نێوان ئیسرائیل و حەماس دەکەین. 

لەلایەکی دیکەوە نەتەوە یەکگرتووەکان هۆشداری لە خراپی دۆخی مرۆیی دانیشتووانی غەززە داوە و فەرحان حەق گوتەبێژی ئەمینداری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان، ڕایگەیاندووە، پێوستە ئیسرائیل ڕێگری نەکات لە گەیشتنی هاوکارییە مرۆییەکان بۆ کەرتی غەززە.

حەق ڕایگەیاندووە، غەززە پێویستی بە هاوکاری زیاتر هەیە، بۆیە داوا دەکەین پێش هاتنی وەرزی زستان هاوکاری زیاتر ڕەوانەی غەززە بکرێت، هەروەها دەبێت ئیسرائیل ڕێگری لە گەیشتنی بارهەڵگرەکان نەکات. 

باسی لەوەشکردووە، ڕێکخراوکان لە کەرتی غەززە چالاکییەکانیان زیاتر کردووە، بە تایبەت لەو ناوچانەی پێشتر گەیشتن پێیان زەحمەت بوو.

لە بارەی دابەشکردنی هاوکارییەکانەوە گوتی، لە ناوچەکانی خان یونس و نازحییە، 300 خیوەت و 14 هەزار و 700 بەتانی بە سەر خەڵکی دابەشکراوە، بەڵام ئەمە بەس نییە، خەڵکی غەززە پێویستیان بە هاوکاریی زیاتر هەیە.

جەختی لەوەکردەوە، ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە سەرەتای ڕاگەیاندنی ئاگربەستەوە توانیویەتی 10 هەزار و 638 تۆن پێداویستی سەرەتایی لە سنوورەکانەوە بباتە ناو کەرتی غەززە.

لە بەرانبەردا حکوومەتی فەڵەستینی لە کەرتی غەززە، ڕایگەیاند، لە کۆی ئەو شەش هەزار و 600 بارهەڵگرەی وابڕیار بوو تاوەکو ڕۆژی دووشەممە 20ی تشرینی یەکەم بگاتە ناو کەرتی غەززە، تەنیا 986 بارهەڵگری هاوکاری گەیشتووە و بە سەر هاووڵاتییاندا دابەشکراوە. 

دوای دوو ساڵ شەڕ و پێکدادان لە نێوای ئیسرائیل وحەماس، ڕۆژی دووشەممە 13ـی تشرینی یەکەمی 2025، لووتکەی شەرم شێخ لە میسر بە ئامادەبوونی زیاتر لە 20 سەرکردەی وڵاتان بۆ ئاشتی غەززە بەڕێوەچوو.

بە گوێرەی داوا ئامارەکانی شەڕی دوو ساڵەی نێوان سوپای ئیسرائیل و چەکدارانی حەماس، تاوەکوو ئێستا 67 هەزار و 252 کەس لە دانیشتووانی غەززە کوژراون، کە زۆرینەیان ژن و منداڵن، هەروەها 169 هەزار و 961 کەسی دیکەش بریندار بوون. هێشتا ژمارەیەکی زۆر قوربانی لەژێر داروپەردووەکانیش دا ماونەتەوە.

 
 
Fly Erbil Advertisment