وەزارەتی پەروەردەی هەرێمی کوردستان چەند ڕۆژێک پشووی فەرمی ڕاگەیاند

وەزارەتی پەروەردەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگهیاند، بەهۆی بەڕێوەچوونی پرۆسەی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، چەند ڕۆژێک پشووی فەرمی ڕاگەیاند.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 22ـی تشرینی یەکەمی 2025، وەزارەتی پەروەردەی حكوومهتی هەرێمی کوردستان، بڵاویکردەوە، بە مەبەستی کارئاسانی بۆ بەڕێوەچوونی پرۆسەی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پهرلهمانی عێراق، ئەو ناوەندانەی دەبنە بنکەی هەڵبژاردن لە ڕۆژی پێنجشەممە، 6ـی تشرینی دووەمی 2025، دەدرێنە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان.
هەروەها ئاماژە بەوە کراوە، لە 6ـی تشرینی دووەمی 2025، تاوەکوو 11ـی هەمان مانگ، دەوامی گشت ناوەندەکانی خوێندنی حکوومی و ئەهلی وناوەندە نێودەوڵەتییەکان دەبێتە پشووی فەرمی، لە ڕۆژی چوارشەممە، 12ـی تشرینی دووەمی 2025، دەوام لەسەرجەم ناوەندەکانی خوێندن دەست پێدەکاتەوە.
باس لەوەش کراوە، ئەو قوتابخانانەی وەک بنکەی دەنگدان دراونەتە کۆمیسیۆن، پێویستە بە هەماهەنگیی لەگەڵ کارگێڕی قوتابخانە ڕادەست بکرێتەوە.
11ـی تشرینی دووەمی 2025، هەڵبژاردنی خولی شەشەمی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە سەرتاسەری عێراق و هەرێمی کوردستان بەڕێوە دەچێت.
