سەرۆک وەزیران: کاریگەریی کەمبارین لە عێراق زۆر دیارە

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 23ـی تشرینی یەکەمی 2025، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە گوتارێکدا، لە ڕێوڕەسمی کردنەوەی پڕۆژەی ئاوی قوشتەپە؛ ڕایگەیاند "پاراستنی ئاو ئەركی هەموومانە، پێویستە هەموومان زۆر بە وریایی ئاوەكەمان و ژینگەكەمان بپارێزین. لە ساڵانی ڕابردوو باران كەم باریوە و ڕووبارەكان لە زۆر شوێن وشك بوون، كاریگەریی كەمیی باران لە عێراق زۆر دیارە، ئێمەش لەوە بێبەش نابین، بەداخەوە ئێمە تەنیا دەتوانین زەرەر و زیانی كەمئاوی لەسەر خۆمان و ژینگەكەمان كەم بكەین، هیوادارین ئەمساڵ وەك ساڵانی ڕابردووش نەبێ و خوا بارانی ڕەحمەتمان بەسەردا ببارێنێ و تووشی كەمئاویی لەوە زیاتر نەبین، بەڵام ئەو پێشبینییانەی كە كردمان و بەم پرۆژانە، دڵنیام كە ئێمە ناگەینە قۆناغێك كە ناچار بین بە كۆچكردن، چونكە بێگومان كاریگەریی كەمئاوی لەسەر خەڵك زۆر زۆرە و عێراق یەكێكە لەو شوێنانەی كە بە شێوەیەكی دژوار تووشی ئەم گرفتە بووە."