لیژنەی باڵای رووبەڕووبوونەوەی كۆرۆنا چەند بڕیارێك دەدات
گفتوگۆ لەسەر دوو تەوەری سەرەكی دەكرێت
K24 – ھەولێر
كەمێكی دیكە كۆبوونەوەی لیژنەی باڵای رووبەڕووبوونەوەی كۆرۆنای ھەرێمی كوردستان بەشێوەی ئۆنلاین دەست پێدەكات و گفتوگۆ لەسەر دوو تەوەری سەرەكی دەكرێت، چەند بڕیارێك لەبارەی دۆخەكە دەدرێت.
د. سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستی ھەرێمی كوردستان بە كوردستان24ی راگەیاند: "كۆبوونەوەی ئەمڕۆ لەسەر دوو تەوەردەبێت، یەكێكیان رەوشی پڕۆسەی خوێندن و تووشبوونی مامۆستا و قوتابیان بە كۆرۆنا، لەسەر ئەم پرسە وەزارەتی پەروەردە راپۆرتێكی داوەتە وەزارەتی تەندروستی و خۆشمان راپۆرتێكمان بۆ ھەڵسەنگاندنی دۆخەكە ئامادە كردووە".
گوتیشی: "بە ئامادەبوونی ھەردوو وەزیرانی پەروەردە و خوێندنی باڵا و پارێزگارەكان، گفتوگۆ لەسەر دۆخەكە دەكەین، ئێمە وەك وەزارەتی تەندروستی بۆچوونی خۆمان دەخەینەڕوو، ئەوانی دیكەش رای خۆیان دەڵێن، چی بە باش زانرا بڕیاری لێدەدەین، ئەگەر بزانرێ دۆخەكە بەرەو خراپی دەچێت بڕیاری داخستنی ناوەندەكانی خوێندن دەدرێت، ئەگەرنا رێكارەكان توندتر دەكرێن".
وەزیری تەندروستی، ئاماژەی بەوەشدا: "تەوەری دووەمی كۆبوونەوەكە تاوتوێكردنی رەوشی كۆرۆنایە بە گشتی لە شار و شارۆچكەكانی ھەرێمی كوردستان، وەزیر و پارێزگارەكان راوبۆچوونی خۆیان لەسەر دۆخەكە دەڵێن".
راشیگەیاند: "لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆدا بە راوێژ لەگەڵ وەزیرە پەیوەندیدارەكان و پارێزگارەكان چەند بڕیارێك لەبارەی رەوشەكە دەدرێت".