زێلێنسکی: بستێک خاکی ئۆکرانیا نادەین بە ڕووسیا

سەرۆکی ئۆکرانیا، لە کۆبوونەوەی یەکێتی ئەورووپا ڕایگەیاند، سازش لە سەر یەک بستی خاکی ئۆکرانیا ناکەین و نایدەین بە ڕووسیا، جەختی کردەوە، سزا نوێیەکانی یەکێتی ئەورووپا و ئەمەریکا هەنگاوێکی گرنگە بۆ ناچار کردنی ڕووسیا لە بارەی کۆتاییهێنان بە شەڕی نێوانیان.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 23ـی تشرینی یەکەمی 2025، ڤۆلۆدیمێر زێلێنسکی سەرۆکی ئۆکرانیا، لە میانەی کۆبوونەوەی لووتکەی یەکێتی ئەورووپا بۆ سەپاندنی سزا بە سەر ڕووسیادا، گوتی، ئامادەنییە یەک بست لە خاکەکەی بدات بە ڕووسیا و مەحاڵە ئەوە ڕووبدات.
زێلێنسکی جەختی کردەوە، سەپاندنی 19 سزای نوێ بە سەر ڕووسیا، پێدانی مووشەکی دوورمەودا بە ئۆکرانیا، دەبێتە هۆکارێکی گرنگی دروست بوونی فشار، بۆ ئەوەی ڕووسیا بیر لە دانووستان و کۆتاییهێنان بە شەڕ بکاتەوە.
ئاماژەی بەوەشکرد، سزا نوێیەکانی ئەمەریکا دژی ڕووسیا ئاماژەیەکی ئەرێنی و گرنگە بۆ ئەوەی ڕووسیا ناچار بکات لە سەر مێزی گفتوگۆ دابنیشێت.
قسەکانی زێلێنسکی لە دوای ئەوە هات، یەکێتی ئەورووپا، ئەمڕۆ پێنجشەممە 23ی تشرینی یەکەم، 19 سزای نوێی بەسەر ڕووسیادا سەپاند، کە گرنگترینیان، قەدەغەی هاوردەکردنی گازی سروشتییە لە ڕووسیاوە تاوەکوو ساڵی 2027، هەروەها ئەوکەشتیە نەوتهەڵگرانەی ڕووسیا بەکاریان دەهێنێت خرانە لیستی ڕەشەوە، لەگەڵ سنووردارکردنی گەشتی دیپلۆماتکارە ڕووسییەکان.
لارس لوک ڕاسمسۆن وەزیری دەرەوەی دانیمارک، لە کۆبونەوەی یەکێتی ئەورووپا، لە ڕاگەیەندراوێکدا گوتی: ئەمڕۆ بۆ وڵاتانی ئەورووپا و ئۆکرانیا ڕۆژێکی نوێیە، بڕیارەکانیش بۆ بەرژەوەندی ئەورووپا و ئۆکرانیا دراون.
دوای ئەم هەنگاوە، چاوەڕوان دەکرێت سەرکردەکانی یەکێتی ئەورووپا لە بڕۆکسل کۆببنەوە، بڕیار لە سەر بڕی ئەوە پارانەی ڕووسیا بدەن کە 140 ملیار یۆرۆیە و لە لایەن بانکە ئەوروپییەکانەوە بلۆککراوە، بۆئەوەی بدرێت بە ئۆکرانیا. تاوەکو پێداویستیە سەربازییەکانی وڵاتەکەی دابین بکات و قەرزە کەڵەکەبووەکانی کەمبکاتەوە.