نێچیرڤان بارزانی: بادینان هەموو کات نەیارانی پارتی بێئومێد کردووە

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 23ـی تشرینی یەکەمی 2025، بانگەشەی لیستی 275ـی پارتی دیموکراتی کوردستان بە ئامادەبوونی نێچیرڤان بارزانی، جێگری سەرۆکی ئهو پارته لە دهۆک بەڕێوە بوو و له گوتارێكدا گوتی: بادینان هەموو کات وەکوو چیایەک لە پشت پارتی وەستاوە.
نێچیرڤان بارزانی له سهرهتای گوتارهكهیدا گوتی: خۆشحاڵم ئەمڕۆ جارێکی دیکە لە بادینان گەیشتینەوە یەک، بەشێوەیەکی گشتیی بادینان هەموو کات وەکوو چیایەک لە پشت پارتی وەستاوە، بەردەوام نهیارانی پارتی بێئومێد کردووە.
ئاماژەی بەوەش دا، دهۆکی ڕەنگین هێزی پارتییە، بادینان و دهۆک خۆشەویستی هەموومانن، هەروەها خۆشەویستی سەرۆک بارزانیشن. گوتیشی: لە گوندەکانی ئەو دەڤەرە ئاوەدانییەکی باش دەستی پێکردووە، دەنگی فیشەک نەمایە، ناخۆشی نەمایە، هیوادارین خۆشی هەر هەبی لەو دەڤەرە و لەم وڵاتە.
گوتیشی: هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بۆ پارتی و بۆ کوردستان و بۆ پاشە ڕۆژی میللەتی ئێمە گرنگە، ویستم بە ئێوە بڵێم پارتی بەرەو یەک ملیۆن دەنگ، بەڵام پێش ئەوەی من داوای بکەم ئێوە دروشمەکانتان بەرز کردووەتەوە، نوێنەرانی پارتی نوێنەری هەموو خەڵکن، ئێوە دەزانن کاری ڕۆژانەی پارتی چۆنە.
جێگری سەرۆکی پارتی گوتیشی: کاریگەریی ئێوە زۆرە و گرنگە ئێوە داینەمۆی پارتین، ئێوە وەکوو هەمووکات کلیلی سەرکەوتنی پارتین، ئەوکاتەی ئێمە باسی سەرکەوتن دەکەین لە بادینان، ئەوکات باسی سەرکەوتنی پارتی و کوردستان دەکەین، ئەگەر پارتی بەهێز بێت، کوردستان بەهێزە. پێویستە ئەوە بمێنێت.
نێچیرڤان بارزانی باسی لەوەش کرد، پارتی بەبوونی ئێوە و دڵسۆزی و ماندووبوونی ئێوە کاروانێکی خەباتی دەست پێکرد و پشتڕاستیشە بەوەی بە پشتیوانی خوای گەورە و پاشان پشتیوانی ئێوە بەردەوام بێت. ئێوە سەلماندتان مادەم ئێوە خاوەن پارتینە پارتی سەرکەوتوو دەبێت.
نێچیرڤان بارزانی ڕاشیگەیاند، بەڵێنی ئێمە ئەوەیە لە 11ـی مانگ پێکەوە بچینە سەر سندووقی دەنگدان و دەنگ بدەینە لیستی 275 پارتی دیموکراتی کوردستان، تاوەکوو خزمەتی ئێوە بکات، بۆچی پێویستە پارتی بەهێز بێت لە بەغدا؟ ساڵی 2003 کاتی ڕژێمی بەعس ڕووخا، پارتی ڕۆلێکی کاریگەریی هەبوو لەو بابەتە. لە ساڵی 2005 کاتێک دەستووری هەمیشەیی عێراق نووسرایەوە هەندێک مافی ئێمە جێگیر کرا، ئەمەش دەستکەوتێکی مەزن بوو، کە بە پێداگریی سەرۆک بارزانی هەندێک لە مافەکانی خەڵکی کوردستان بە هەموو پێکهاتەکانەوە لە دەستووری عێراق جێگیر کران.
جێگری سەرۆکی پارتی دەشڵێت: ئێستا قۆناغێکی نوێ لە عێراق دەستی پێکردووە، ئەم قۆناغە بۆ هەرێمی کوردستان زۆر گرنگە، کە دەتوانین ناوی بنێین قۆناغی جێبەجێکردنی دەستووری هەمیشەیی عێراق، چونکە جێبەجێکردنی دەستووری عێراق بۆ هەرێمی کوردستان زۆر گرنگە. ئەو کێشانەی ئەمڕۆ لە نێوان کوردستان و عێراقدا هەیە لە ئەنجامی پشگوێخستنی دەستوورە.
نێچیرڤان بارزانی گوتیشی: ئەو هێزەی پارێزگاری لەو دەستکەوتانە دەکات پارتییە، باشە پارتی چۆن لە بەغدا بەهێز بێت، ئەگەر ئێمە بمانەوێت کوردستانێکی بەهێز هەبێت، بەڵێنی ئێمە و ئێوە ئەوەیە لە 11ـی ئەم مانگە، پێویستە لە ڕۆژی هەڵبژاردن زۆر بەهێز بەرەو دەنگدان بچین.
ئاماژەی بەوەش کرد، پارتی كه لە ساڵی 1946 دامەزرا، ئەو کاتە کورد و کوردستان لە ڕەوشێکی زۆر خراپدا بوون، بەڵام کە پارتی دامەزرا ئومێدی بۆ کوردستان گەڕاندەوە و لە ئەنجامی خەباتی ئهو پارتهدا لە ساڵی 1958 ناوی کورد کەوتە ناو دەستووری عێراق.
نێچیرڤان بارزانی گوتیشی: بەردی بناغەی دیموکراسی لە کوردستان پارتی دایناوە، لە ساڵی 2014 لەکاتی شەڕی داعش هاووڵاتییانی كوردستان، دەرگای ماڵەکان و قوتابخانەکان و مزگەوتەکانیان بە ڕووی خەڵکی لێقەوماو کردەوە و ئەمە مایەی سەربەرزی و شانازییە، بۆ ئەو سنوورە.
ئاماژەی بەوە دا، پارتی ئاسایش و سەقامگیری لەم هەرێمە بەرپا کرد، ئەگەر بیانەوێت پارتی بناسن، سەیری ئاوەدانی و ئارامی کوردستان بکەن، هەروەها ئاماژەی بەوە دا، پارتی خەرمانێکە لە پرۆژە و خزمەتگوزارییەکان بۆ هەرێمەکەمان، کاروانی ئاوەدانی لە ڕابردوو دەستی پێکردووە، تاوەکوو ئێستاش بەردەوامە و ناوەستێت.
جێگری سەرۆکی پارتی دەڵێت: ڕێنماییەکانی سەرۆک بارزانی بەردەوام بۆ ئێمە ئەوەیە بەرگری لە خاک و وڵاتمان بکەین و هەروەها بەردەوام بین لە ئاوەدانکردنەوەی خاک و وڵاتمان، هاوكات لە ڕۆژانی تاریکیدا پارتی ڕووناکی بە خەڵک بەخشی، هەوڵدەدەین کەموکووڕییەکان چارەسەر بکەین و پەیوەندییەکانمان لەگەڵ بەغدا باشتر بکەین، نابێت مووچە وەک منەتێک بمێنیت بەسەر هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان و پێویستە وەک فەرمانبەرانی عێراق مووچەخۆرانی هەرێمیش سوودمەند بن.
باسی لەوەش کرد، پێویستە لایەنگران و ئەندامانی پارتی بەشێوەیەکی ئارام و لە ئاست ناو و پێگەی پارتی بانگەشە بکەن، هەروەها پارتی ئامانجی حزبی گەورەی کوردستانە، پارتی بە قەد ناو و مێژووی بەهێزە، بۆ ئەوەی لە بەغدا بەرگری له ماف و دەستەکەوتەکانی گەلی کورد بکرێت، پێویستە دەنگ بە پارتی بدرێت، بۆ ئەوەی قەوارەی هەرێمی کوردستان بەهێز بێت و بمێنێتەوە، پێویستە پارتی بەهێزبێت، هەروەها پارتی حزبی حساباتی بچووک نییە، بەڵکوو حزبی ئامانجی گەورەیە، هەر کاتێک خەڵکانێک دڵی بە پارتی خۆش کردبێت، بادینان وەڵامی داوەتەوە.