هەولێر میوانداری کۆڕبەندی دەرەنجامەکانی جێبەجێکردنی ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان دەکات

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 23ـی ئۆکتۆبەری 2025، کۆڕبەندی "دەرەنجامەکانی جێبەجێکردنی ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە کابینەی نۆیەمدا" لە شاری هەولێر بەڕێوەدەچێت. ئەم کۆڕبەندە بە هاوبەشی لەگەڵ لایەنە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکان و بە ئامادەبوونی بەرپرسانی باڵای حکوومەتی فیدراڵی و هەرێمی کوردستان، نوێنەرانی نەتەوە یەکگرتووەکان، کۆمەڵگەی مەدەنی و دیپلۆماتکاران ساز دەکرێت.

د. دیندار زێباری، ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان، لەمبارەیەوە ڕایگەیاند، "ئامانجی سەرەکیی ئەم کۆڕبەندە بریتییە لە خستنەڕووی دەرەنجامەکانی جێبەجێکردنی 'پلانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ مافەکانی مرۆڤ' لە ماوەی چوار ساڵی ڕابردوودا. لە کۆڕبەندەکەدا دوایین ئامار و داتا، پێشکەوتنەکان و ئاڵنگارییەکان دەخرێنەڕوو."

ئاماژەی بەوەش کرد، پلانی هەرێم لە 15ـی ئەیلوولی 2021 لەلایەن ئەنجوومەنی وەزیرانەوە پەسەند کراوە و نووسینگەکەیان بە هەماهەنگی لەگەڵ سەرجەم دامودەزگاکانی حکوومەت، دەسەڵاتەکانی دادوەری و یاسادانان و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان کاری لەسەر جێبەجێکردنی کردووە.

ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان گوتیشی: "لە کۆڕبەندەکەدا شیکاری بۆ ئەو 264 ڕاسپاردەیەش دەکرێت کە لە سەرەتای ئەمساڵدا لە چوارچێوەی 'پانۆرامای خولی گشتگیر (UPR)' لەلایەن 96 وڵاتەوە ئاراستەی عێراق کراون، کە بەشێکی سەرەکیی کارەکانی ئێمە پێکدەهێنن."

کۆڕبەندەکە تیشک دەخاتە سەر چەند تەوەرێکی گرنگ، لەوانە:

ئەدای دامودەزگاکان و سەروەریی یاسا.
چاكسازی لە دامەزراوەکاندا.
پاراستنی ئازادییە تاکەکەسییەکان و ڕووبەڕووبوونەوەی جیاکاری.
ڕێوشوێنە ئەمنییەکان و دەستڕاگەیشتن بە دادپەروەری و خزمەتگوزارییە سەرەکییەکان.

 
 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment