کۆمیسیۆنی هەڵبژاردن ستایشی بانگەشەی هەرێمی کوردستان دەکات

بانگەشەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە هەرێمی کوردستان بە شێوەیەکی هێمنانە و دوور لە توندوتیژی بەڕێوەدەچێت، لەکاتێکدا بەرپرسانی کۆمیسیۆن عێراق ستایشی ئەم پرۆسەیە دەکەن و بەراوردی دەکەن بە پارێزگاکانی دیکەی عێراق کە سەدان سکاڵایان تێدا تۆمار کراوە. 

مەروان محەممەد، بەڕێوەبەری نووسینگەی هەولێری کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق، ڕایگەیاند، تاوەکو ئێستا لە سنووری پارێزگای هەولێر 42 سەرپێچی تۆمارکراوە; بەڵام دوای ئاگادارکردنەوەیان، دەستبەجێ سەرپێچییەکان لابراون، وێنە و بانگەشەکانیش لە شوێنە قەدەغەکراوەکان کۆکراونەتەوە. گوتیشی، 40 ئاگادارکردنەوە بۆ کاندید و لایەنە سیاسییەکان نێردراوە لە بازنەی هەولێر.

تەنیا پێنج کاندید لە لایەنە جیاوازەکانەوە سکاڵایان لەسەر تۆمار کراوە و سزادراون بە پێبژاردنی ماددی، هۆکارەکەش هەڵواسینی وێنە بووە لە شوێنی ڕێگەپێنەدراو. کۆمیسیۆن ڕوونی کردەوە، یەکێک لە سزاکانی بۆ سەرپێچی کاندیدان و لایەنە سیاسییەکان پێبژاردنە، تایبەت بەو سکاڵایانەی کە وێنە و بانگەشەکان لە شوێنە ڕێگەپێنەدراوەکان دادەنرێن.

نەبەرد عومەر، سەرۆکی دەستەی هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان لە کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق، ڕایگەیاندووە کە هیچ سەرپێچییەکی ئەوتۆیان بۆ نەهاتووە و لایەنە سیاسییەکان بە شێوەیەکی زۆر سەردەمیانە لەم هەڵبژاردنەدا بانگەشەی خۆیان دەکەن.

عومەر ئاماژەی بەوەش کرد، بەراوردێک لە نێوان پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان و عێراقدا جیاوازییەکی زۆر نیشان دەدات لە ڕووی تۆمارکردنی سکاڵای یاساییەوە. لە باشوور و ناوەڕاستی عێراق زیاتر لە 350 سکاڵا تۆمارکراون، لە کاتێکدایە لە هەرێمی کوردستان تەنیا پێنج سکاڵا تۆمارکراوە. کۆمیسیۆن ستایشی بانگەشەکاران دەکات لە هەرێم بەراورد بە پارێزگاکانی دیکەی عێراق.

جەختی لەوەشکردەوە، ئەو ڕێکارە یاساییانەی شارەوانی و ئیدارەی شارەکان دەیگرنەبەر لە بەرانبەر کاندیدان، وەک سەرپێچی لەلایەن کۆمیسیۆنەوە تۆمار ناکرێن؛ بەڵکوو بەکارهێنانی دامودەزگاکانی حکوومەت، ئۆتۆمبێلی حکوومی، شوێنە ئایینییەکان، و ناوزڕاندن، ئەمانەن کە وەک سەرپێچی لەلایەن کۆمیسیۆنەوە هەژمار دەکرێن.

بڕیارە هەڵبژاردنی گشتیی پەرلەمانی عێراق لە 11ی تشرینی دووەمی 2025 بەڕێوەبچێت. لەم هەڵبژاردنەدا، 21 ملیۆن و 404 هەزار و 291 هاووڵاتی مافی دەنگدانیان هەیە. 38 پارتی سیاسی، 31 هاوپەیمانی و 75 لیستی تاکەکەسی بەشداری دەکەن. هەروەها حەوت هەزار و 768 کەس خۆیان کاندید کردووە، کە پێنج هەزار و 520 پیاو و دوو هەزار و 248 ئافرەتن.

 
 
 
Fly Erbil Advertisment