عێراق دەرمانی پێویست بۆ نەخۆشخانەکانی هەرێم نانێرێت و کەرتەکەش هەر پێش دەکەوێت

سەرەڕای ئەوەی دەرمان و پێداویستییە پزیشکییەکان لە پشکی هەرێمی کوردستان لە بوودجەی فیدراڵدا دیاریکراوە، بەڵام بەغدا وەک پێویست بۆ هەرێمی کوردستانی نانێرێت، لەگەڵ ئەوەشدا ڕۆژانە خزمەتگوزاریی و پێداوسیتییە تەندروستییەکان لە نەخۆشخانە حکوومییەکانی هەرێم زیاتر دەبن.

لە پێنج ساڵی ڕابردوودا، حکوومەتی هەرێمی کوردستان بایەخێکی زۆری بە بە‌هێزکردنی ژێرخانی تەندروستی داوە، بەجۆرێک 67 نەخۆشخانەی پێشکەوتووی لە ناوچە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان بنیات ناوە.

لەبەر بەهێزی ژێرخانی تەندروستی هەرێمی کوردستان، هاووڵاتییانی ناوەڕاست و خوارووی عێراق بەمەبەستی وەرگرتنی چارەسەری تەندروستی، ڕوو لە نەخۆشخانەکانی هەرێمی کوردستان دەکەن، چونکە ئەو سەدان ملیار دۆلارەی لە عێراق هەیە، بۆ ژێرخانی تەندروستی تەرخان ناکرێت.

دابیکردنی دەرمان، پشکنین، ئامێرە پێویستییەکانی پشکنین، ئەمانە گرەنتی پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری تەندروستین بە هاووڵاتییان، هەروەها یەکێکە لە ئامانجە دیارەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ بەهێزکردنی ژێرخانی تەندروستی، لەکاتێکدا کە تەندروستی باش، یەکێکە لە 17 ئامانجەکەی گەشەپێدانی بەردەوام لەناو پرۆگرامی هاوبەشی نەتەوە یەکگرتووەکان، بەڵام ئەوەتا کوردستان ئەم ئامانجەشی پێکاوە.

لە پێنج ساڵی ڕابردوود، بایەخێکی زۆر بە بەهێزکردنی ژێرخانی تەندروستی دراوە وێڕای بوونی قەیرانی دارایی کە زۆر ڕێگریی بوو، بەڵام هەر لەو ماوەیەدا، 35 پرۆژەی وەبەرهێنان لە کەرتی تەندروستیدا بە 372 ملیۆن و 221 هەزار دۆلار جێبەجێکراون، لەگەڵ ئەوەشدا 67 نەخۆشخانەی پێشکەوتوو  لەناوچە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستاندا دروستکراون، هەر لەو ماوەیەی قەیرانی ئابووری هەبوو، 31 بنکەی تەندروستی و سەنتەری پسپۆری، 8 نەخۆشخانە و سەنتەری نوێیی تایبەت بە نەخۆشی شێرپەنجە کە سەرجەم پێداویستییەکانی دەرمان و پشکنینی بێ بەرانبەریان تێدا ئەنجام دەدرێت، دروستکراون.

هەر لەم چوارچێوەیەدا، دروستکردنی 2 نەخۆشخانە ئێستا کاریان تێدا دەکرێت، هەروەها کاراکردنەوەی سندووقی شیاندنەوە کە تایبەتە بە کەسانی خاوەن پیداویستی تایبەت، دەستی پێکردووە، پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری بە تووشبووانی نەخۆشی تالاسیمیا، دابینکردنی تەواوی چارەسەرە پێویستییەکان بەبێ بەرانبەر، ئەمانە هەمووی لە هەرێمی کوردستان، لەلایەن کەرتی تەندروستییەوە پێشکەش بە هاووڵاتییان دەکرێت.

تەنیا هاووڵاتییانی کورد لە نەخۆشخانەکانی کوردستان چارەسەر وەرناگرن، بەڵکو هاووڵاتییانی ناوەڕاست و خوارووی عێراقیش ڕوو لە نەخۆشخانەکانی هەرێمی کوردستان دەکەن بۆ وەرگرتنی چارەسەری، چونکە لەو سەدان ملیار دۆلارەی لە عێراقدا هەیە، بۆ ژێرخانی تەندروستی تەرخان ناکرێت، هەروەها لە پێنج ساڵی ڕابردوودا، کەرتی تەندروستی لە عێراقدا پاشەکشێی زۆری کردووە.

هاوڵاتییەکی عەرەبی ناوچەکانی ناوەڕاست و خوارووی عێراق کە لە یەکێ لە نەخۆشخانەکانی هەرێمی کوردستان چارەسەری پزیشکی وەردەگرت، بە کوردستان24ـی گوت: خەڵکی ناوچەکانی بەغدا و ڕومادی و دیوانییە و هەر شوێنێکی عێراق، هەروەها هاووڵاتییانی  کورد کە لێرە دەژین، هەرچەند نەخۆشییەکەمان گرانە، بەڵام ئەو خزمەتگوزارییانەی لێرە پێشکەش دەکرێن، خودا پێی ئاگادارە بە ویژدانەوە دەڵێم: زۆر هەست بە ئارامیی دەکەین لە کوردستان و نەخۆشخانەکانی کوردستان.

لەچوارچێوەی ڕێکخستنەوەی دەرمان نرخ و کوالێتی لەڕێگەی سێکتەری تایبەتەوە، حکوومەتی هەرێمی کوردستان کاری تایبەتی بۆ کردووە، هەر دەرمانێک کە لەنەخۆشخانەکان بە نەخۆش دەدرێت، بەپێی ئەو ستیکەرەی لە سەریەتی، هاووڵاتی دڵنیا دەبێتەوە لە جۆری دەرمانەکە و کوالێتی و نرخەکەی.

خەرجیی مانگانەی کەرتی تەندروستی لە هەرێمی کوردستان نزیکەی 24 ملیار دینارە، هەروەها 7 هەزار و 871 پزیشک و 22 هەزار و 147 پەرستار، خزمەتگوزاری تەندروستی پێشکەش بە زیاتر لە شەش ملیۆن هاووڵاتیی دەکەن.

ڕۆژانە نەخۆشخانەکانی هەرێمی کوردستان، توانای لەخۆگرتنی 11 هەزار و 147 نەخۆشیان هەیە، هاوکات سەرباری فشاری زۆر، بەڵام ئەم کەرتە بەردەوامە لە پێشکەوتن.

 
Fly Erbil Advertisment