نەخۆشێک بۆ چارەسەرکردنی پارکینسۆن، کلارنێتی ژەنی

لە ڕووداوێکی پزیشکیی دەگمەندا، دێنیس بیکۆن، مۆسیقاژەنێکی بەریتانی کە نەخۆشیی پارکینسۆنی هەیە، لە کاتی ئەنجامدانی نەشتەرگەری بۆ مێشکی، ئامێری کلارنێتی ژەنی. ئەم کارە نائاساییە ڕێگەی بە پزیشکان دا بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ و دەستبەجێ، کاریگەریی چارەسەرەکە لەسەر جوڵەی پەنجەکانی ببینن.

بیکۆنی تەمەن 65 ساڵ، لە ساڵی 2014وە تووشی نەخۆشیی پارکینسۆن بووە، کە وردە وردە کاریگەریی لەسەر توانای ڕۆیشتن، مەلەکردن، سەماکردن و لە هەمووی گرنگتر، ژەنینی ئامێرە دڵخوازەکەی، کلارنێت، دانابوو.

لە نەخۆشخانەی "کینگز کۆلێج" لە لەندەن، بیکۆن خرایە ژێر نەشتەرگەریی مێشک" (Deep Brain Stimulation). لەم پڕۆسەیەدا، کە چوار کاتژمێری خایاند و نەخۆش تێیدا بەئاگا بوو (تەنیا بە سڕکردنی ناوچەیی)، پزیشکان چەند ئەلیکترۆدێکمان لەناو مێشکیدا چاند بۆ ڕێکخستنەوەی چالاکییە دەمارییەکان.

پرۆفیسۆر کەیومەرس ئەشکان، ئەو پزیشکەی نەشتەرگەرییەکەی ئەنجامداوە، دەڵێت: "لەبەر ئەوەی بیکۆن ژەنیارێکی بەتوانایە، تیمەکە پێشنیازیان کرد ئامێرەکەی لەگەڵ خۆی بهێنێتە ژووری نەشتەرگەری، تا بزانین چارەسەرەکە یارمەتیی توانای ژەنینی دەدات یان نا. کاتێک ئەلکترۆدەکانمان لە شوێنی دیاریکراوی مێشکیدا چاند و تەزووی کارەباییەکەمان پێکرد، دەستبەجێ باشتربوونمان لە جوڵەی دەستەکانیدا بەدی کرد."

بیکۆن خۆی لەمبارەیەوە دەڵێت: "لەبیرمە، هەرکە تەزووی کارەباییەکەیان پێکرد، دەستی ڕاستم بە ئاسانی دەستی بە جوڵە کرد. ئەمە یەکسەر لە توانای ژەنینی کلارنێتەکەمدا ڕەنگیدایەوە، هەستێکی زۆر خۆشبوو بۆ من."

ئێستا بیکۆن هیوادارە بە زووترین کات بگەڕێتەوە بۆ چالاکییەکانی دیکەی وەک مەلەکردن و سەماکردن، بۆ ئەوەی بزانێت تا چەند تواناکانی باشتر بوون.

 

 
 
 
Fly Erbil Advertisment