ئەمەریکا هۆشداریی دەداتە ئیسرائیل

ڕۆژنامەی "هارتسی ئیسرائیلی ڕایگەیاند: واشنتۆن چاوەڕوێ دەکات ئیسرائیل پێش ئەنجامدانی هەر ئۆپراسیۆنێک لە غەززەدا، پێشوەختە ئاگاداری بکاتەوە.

ڕۆژنامەکە لە زاری بەرپرسانی سەربازییەوە ڕایگەیاندووە، واشنتۆن دەیەوێت پێش هەر ئۆپەراسیۆنێکی سەربازی لە غەززە، هەماهەنگییەکی تەواوی لەگەڵ تەلئەڤیڤ هەبێت.

ڕۆژنامەکە ئاماژەی بەوەشدا،  سەرچاوە ئیسرائیلییەکان دووپاتیان کردووەتەوە، ئەمریکییەکان داوای ڕەزامەندی پێشوەختە ناکەن، بەڵام هەموو ئۆپەراسیۆنێکی سەربازیی چاوەڕواننەکراو سەبارەت بە غەززە ڕەتدەکەنەوە.

ڕۆژنامەکە بڵاوی کردووەتەوە، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا هۆشداری داوەتە ئیسرائیل لە ئەنجامدانی هێرشی ئاسمانی کە ڕەنگە ئاگربەستی کەرتی غەززە هەڵبوەشێنێتەوە.

ڕۆژنامەی "نیویۆرک تایمز"، لە زاری بەرپرسانی ئەمەریکاوە ڕایگەیاند، ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، نیگەرانە لە ئەگەری پاشگەزبوونەوەی بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل لە ڕێککەوتنی ئاگربەست لەگەڵ بزووتنەوەی حەماس.

چەند بەرپرسێک لە ئیدارەی ترەمپ کە پێیان باش بوو ناویان نەهێنرێت، ڕوونیان کردەوە، نیگەرانییەکان سەبارەت بە ئەگەری پێشێلکردنی ڕێککەوتنەکە لەلایەن ناتانیاهۆوە، ئیدارەی ترەمپی گرتووەتەوە ، گوتیشیان، ستراتیجییەتی ئەمەریکا بریتییە لەوەی کە جی دی ڤانس، جێگری سەرۆک، و ستیڤ ویتکۆف، نێردەی ترەمپ و جارید کوشنەر، زاوای ترەمپ، کار بۆ ڕێگریکردن لە ناتانیاهۆ بکەن لە دەستپێکردنەوەی هێرشی سەربازیی بۆ سەر بزووتنەوەی حەماس.

جەی دی ڤانس، ڕۆژی چوارشەممە، لە کاتی چاوپێکەوتنی لەگەڵ ناتانیاهۆ، گوتبووی، سەردانەکانی بەرپرسانی ئەمەریکی بۆ ئیسرائیل، ئامانجیان سەرپەرشتیکردنی ئاگربەستەکەی کەرتی غەززەیە، نەک "چاودێریکردنی منداڵێکی بچووک" بێت.

جەی دی ڤانس ڕوونیشی کردەوە، کاری زۆر هەیە بۆ ئەنجامدان، ئیدارەی ترەمپ بەردەوامە لە دووپاتکردنەوەی ئەوەی کە تیمەکەی ئەوان ئەو کارانە دەکەن کە پێویستە بکرێن.

 
 
 
Fly Erbil Advertisment