لە باکووری کوردستان ناوی شەقامێک دەگۆڕدرێت بۆ ناوی ئەحمەد کایا
شارەوانی شارۆچکەی میدیاتی پارێزگای مێردین لەباکووری کوردستان، کە شارەوانییەکە لە ژێر دەسەڵاتی ئاکپارتییە، ناوی شەقامێکی گۆڕی بۆ شەقامی ئەحمەد کایا.
شارەوانییەکە لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردۆتەوە، "خۆشحاڵن ناوی ئەحمەد کایا لە میدیات بە زیندووی دەهێڵینەوە کە بە هونەر و دەنگە ئیلهام بەخشەکەی لەنێو دڵی ملیۆنان کەسە، هەر لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژەی بەوەشکراوە، "بە بڕیاری ئەنجوومەنی شارەوانییان ناوی شەقامی مێزارلیک/1 گۆڕاوە بۆ شەقامی ئەحمەد کایا".
کایا هونەرمەندی نێوداری کوردی باکووری کوردستانە و لە ساڵی 1957 لە مەلەتی باکوری کوردستان لەدایک بووە، کایا لەلایەن نەتەوەپەرستەکانی وڵاتەکە چەوسێندرایەوە و ڕێگری لێکرا گۆرانی کوردی بڵێتەوە.
دواتر هونەرمەند ئەحمەد کایا سەری خۆی لە تورکیاوە بەرەو فەڕەنسا ھەڵگرت، دوای ماوەیەکی کەم لەوێ لە ساڵی 2000 کۆچی دوایی کرد.
