سێیەمین فێستیڤاڵی بەرواری باڵا بۆ بەرهەمی خۆماڵی بەڕێوەدەچێت

لە دەڤەری بەرواری باڵا لە کانی ماسێ سەر بە شارۆچکەی ئامێدی پارێزگای دهۆک، دەڤەرێکی دەوڵەمەند بە بەرهەمی کشتوکاڵی جۆراوجۆر، سێیەمین فێستیڤاڵی بەرهەمە خۆماڵییەکان بەڕێوەدەچێت.

ئەمڕۆ 24ـی تشرینی یەکەمی 2025، بێوار حلمی، پەیامنێری کوردستان24ـی لە دهۆک، ڕایگەیاند: سێیەمین فێستیڤاڵی بەرهەمی خۆماڵی لە دەڤەری بەرواری باڵا بەڕێوەدەچێت و بۆ ماوەی پێنج ڕۆژ بەردەوام دەبێت، لەنێو فێستیڤاڵەکەدا بەرهەمی هەر چوار پارچەی کوردستان و کاری دەستی و کولتوور و هونەریش نمایش دەکرێت.

ڕێڤینگ هروری، ئەندامی بۆردی سەرپەرشتی فێستیڤاڵ بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: لە یەکەم فێستیڤاڵدا تەنیا 45 خێوەتمان هەبوو و بینیمان کە خەڵکێکی زۆر ڕوویان لە فێستیڤاڵەکە کرد و داواکارییەکی زۆر لەسەر بەرهەمەکاندا هەبوو و نزیکەی 3000 کەس سەردانییان کرد، پارساڵ ژمارەی خێوەتەکانمان کرد بە 100 خێوەت بینیمان کە دوو هێندەی یەکەمین فێستیڤاڵ خەڵک ڕووی تێکردین، چونکە ئەم فێستیڤاڵە لە ناوچەکەدا دەگمەنە بۆیە وەکوو لێژنەی سەرپەرشتیار کارێکی وامان کرد، کە سێکتەری گەشتوگوزار و هونەر و میوزیک و خواردن و کشتوکاڵ هەموویمان بەیەکەوە بەستایەوە و لە هەر چوار پارچەی کوردستانەوە بەشداربوومان هەن،  زیاتر لە 200 خێوەت بەشدارییان لە فێستیڤاڵەکەدا کردووە.

هەروەها ڕێڤینگ هروری، ڕاشیگەیاند، پێشبینی دەکەین 60 تا 70 هەزار سەردانیکار بێن و سەردانی فێستیڤاڵەکە بکەن و بەرهەمەکان بکڕن و تەنانەت خێوەتی مانەوەی شەوانیشمان دابین کردووە بۆ ئەو کەسانەی لە شوێنی دوورەوە سەردانمان دەکەن.

پێشبینی دەکرێت 80 هەزار سەردانیکار بێن و سەردانی فێستیڤاڵەکە بکەن، چونکە ئەم فێستیڤاڵە بەشداربووی لە هەر چوار پارچەی کوردستان کۆ کردووەتەوە و هەموو بەرهەمی خۆماڵی و کاری دەستی و کولتوور و هونەر ئەمڕۆ لە فێستیڤاڵەکەدا نمایش دەکرێت.

 

 
 
 
 
 

Fly Erbil Advertisment