بەهۆی نەبوونی خزمەتگوزاری دانیشتووانی میسان لە نێو زبڵ دەژین

بۆنی زبڵ و خۆڵ و خاشاکی کەڵەکە بوو کوچە و کۆڵانەکان، ناوەندی شاری میسانی تەنیوە، لە ژێر گوشاری ناڕەزایەتی و خۆپیشاندانی هاووڵاتیان، حکوومەتی خۆجێی ميسان سەرەتای ئەمساڵ بڕیاریدا تەنیا بۆ لادانی زبڵ زیاتر لە چوار ملیار دیناری تەرخان بکات ، کەچی هێشتا خەرجکردنی ئەو گوژمەیە نەبووەتە مایەی خاوێنکردنەوەی شارەکە.

جاسم جەبر دانیشتووی یەكێک لە گەڕەکەکانی شاری میسانە و قسەی بۆ کوردستان24 کردووە و دەڵێت "بۆنی زبڵ گەڕەکەکەی پڕکردووە، کێشە لە هاووڵاتیی نییە، شارەوانی نایەت پاکی بکاتەوە، جاری وا هەیە بە هۆی زبڵەوە کۆڵانەکە دا دەخرێت مناڵەکان بە زبڵ یاری دەکەن و تووشی نەخۆشی دەبن.

دانیشتووێکی دیکەی میسان، بەناوی حەیدەر فوقار دەڵێت: ئێرە گەڕەکی شیشانە هەشت ساڵە ئاوا، ئاوەڕۆی ماڵەکان پەنگدەخواتەوە و کەس بە دەونگمانەوە نایەت و گەڕەکی نەهاوەند بە هەمانشێوە ئاوەڕۆی نییە و تۆڕی دابەشکردنی ئاوی پاکیشیان هەر نییە، گەڕەکی شیشانی دووش بێ خزمەتگوزارییە و شەقام و کۆڵانەکانی قیرنەکراون، بە بۆنی ئاوەڕۆ و زبڵ تووشی چەندین نەخۆشیی بووین.

ئاستی خزمەتگوزاری گەڕەکەکانی پارێزگای میسان لە ژێر سفرەوەن ، بڕیار لە هەر پرۆژەیەکیش درابێت یان هەر جێبەجێ نەکراوە یان بە تەواونەکراوی و نیوەچڵی جێهێڵدراوە، کەمی پرۆژە تەواوکراوەکانی خزمەتگوزاریی بە پەنجەی دەست دەژمێردرێن، پشتگوێخستن و نەبوونی سەرەتاترین پرۆژەی خزمەتگوزاریی تەنگی بە دانیشتووانی شارەکە هەڵچنیوە.

خانمێک بە ناوی دایک سەلام بە دڵێکی پڕ و بێ ئومێدییەوە دەڵێت: سەیری ئەو شەقامه بکەن، هێندە پیسە، پیسییەکەی ببینیت ڕێک لە داخا دڵت دەتەقێ، هەر بەلاتەوە سەیرە خەڵکی لەم گەڕەکە چۆن دەژی، مناڵی قوتابخانەمان هەیە، باران ببارێت چۆن بچن بۆ خوێندن، من تووشی نەخۆشی دەروونی بووم، هێندەی خەم بخۆم، چونکە لە نێو زبڵ دەژین و بە مرۆڤمان نازانن.

بەهۆی پەراوێزخستنی ، میسان سێیەم هەژارترین پارێزگای عێراقە بە گوێرەی دوا ئاماری سەرژمێری، 45%ی دانشتوانەکەی لە ژێر هێلی سووری هەژاریەوەن ، خەڵکی ئەو شارە باس لە نەهامەتیەکانی خۆیان دەکەن.

 
Fly Erbil Advertisment