دۆناڵد ترەمپ: ئارەزوو دەکەم لەگەڵ کیم جۆنگ ئون کۆببمەوە

دۆناڵد ترەمپ لە گەشتەکەی بۆ ئاسیا، کە سەرەتا سەردانی کۆریای باشوور دەکات، بەر لەوەی واشنتن جێبهێڵێت گوتی: ئارەزوو دەکات لەگەڵ کیم جۆنگ ئون، سەرۆکی کۆریای باکوور کۆببێتەوە.

دۆناڵد ترەمپ لە کۆشکی سپی بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند، "کیم جۆنگ ئون، دەزانێت ئێمە بەرەو ئەوێ دەچین" ئاماژەی بەوەشدا، لەگەڵ سەرۆکی کۆریای باکوور "هاورایە" کە دوایین جار لە ساڵی 2019 چاوی پێ کەوتووە.

ترەمپ گوتیشی: بە تەواوی و لە 100% بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ کیم جۆنگ ئون کراوە و ئامادەم.

سەرۆکی ئەمەریکا باسی لەوەشکرد، پەیوەندی لەگەڵ سەرۆکی کۆریای باکوور زۆر باشە.

ترەمپ لە سەردانەکەی بۆ ئاسیا دەچێتە ژاپۆن و مالیزیا، هەروەها گفتوگۆی گرنگ لەگەڵ سەرۆکی چین شی جین پینگ لە کۆریای باشوور دەکات، بە ئامانجی گەیشتن بە ڕێککەوتنی بازرگانی لەگەڵ پەکین.  جەختیشی کردەوە،ە کێشەی تایوان لە نێو ئەو بابەتانەدا دەبێت کە لەگەڵ هاوتا چینییەکەی باسی لێوە دەکات. هەروەها دەبێت جیمی لەی، میدیاکار کە لە هۆنگ کۆنگ زیندانی کراوە ئازاد بکرێت.

ترەمپ ڕاشیگەیاند، پێشبینی دەکات لە کۆتایی ئەم هەفتەیەدا لەگەڵ لویس ئیناسیۆ لولا دا سیلڤا سەرۆکی بەرازیل کۆببێتەوە و  ئامادەیە باجی گومرگی لەسەر بەرازیل کەم بکاتەوە.

ئەمە لەکاتێکدایە دوێنێ بەرپرسێکی باڵای ئەمەریکا کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکات، گوتی:  بەدڵنیاییەوە دۆناڵد ترەمپ نیازی خۆی دەربڕیوە لە داهاتوودا لەگەڵ کیم جۆنگ ئون کۆببێتەوە. بەڵام لە خشتەی گەشتەکەی ئاسایادا نییە.

 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment