مەسرور بارزانی: کەرکووک بە دەستی پارتییەوە بێت، دەبێتە نموونەی پێکەوەژیان لەسەر ئاستی جیهان
ئەمڕۆ شەممە، 25ـی تشرینی یەکەمی 2025، مەسرور بارزانی، جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە ئاهەنگی بانگەشەی لیستی 275 تایبەت بە هەردوو مەکتەبی ڕێکخستنی بەغدا و کەرکووکی پارتی، لە هەولێر؛ لە گوتارێکدا ڕایگەیاند "من دەتوانم ئەوەتان پێ بڵێم، کەرکووک بە دەستی پارتییەوە بێت، دەبێتە نموونەی پێکەوەژیان لەسەر ئاستی هەموو جیهان. هەموو خەڵكێکی ترتان تاقیکردووەتەوە، لە جیاتی ئەوەی خزمەتی ئێوە بکات، ئێوەی بۆ بەرژەوەندیی خۆیان بەکارهێناوە، ڕێگە بدەن پارتی خۆی بکاتە قوربانی ئێوە و خزمەتتان بکات."
جێگری سەرۆکی پارتی گوتیشی: "دەبێت هەمووتان پشتیوانیی پارتی بن، تا زۆرترین دەنگ لە کەرکووک بەدەست بهێنێت. پێویستە هەموو ناوچە دابڕێنراوەکان بگەڕێنەوە باوەشی نیشتیمان. پێویستە مەخموور، زومار، شنگال، خانەقین بگەڕێنینەوە، نابێت هیچ بستێکی ئەم خاکە لەژێر دەستی داگیرکەردا بمێنێت."
