واشنتن گەورەترین فڕۆکەهەڵگر دەنێرێتە ئەمهریکای باشوور
ئەمەریکا ڕایگەیاند: فڕۆکەهەڵگری "جێرالد فۆرد" ـی بۆ پشتیوانیکردنی ئۆپەراسیۆنەکانی بەرەنگاربوونەوەی قاچاخچێتی ماددە هۆشبەرەکان لە ئەمهریکای لاتین، گەیاندووەتە ناوچەکە.
ئەم هەنگاوەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا ترسێکی زۆر لە هەڵگیرسانی جەنگ دروست دەکات، چونکە فڕۆکەهەڵگری جێرالد فۆرد بە گەورەترین فڕۆکەهەڵگری جیهان و نوێترین فڕۆکەهەڵگری واشنتن دادەنرێت، زیاتر لە پێنج هەزار دەریاوان لەسەر ئەو کەشتییە خزمەت دەکەن.
ئیدارەی ئەمەریکا هێزە سەربازییەکانی خۆی لە ناوچەی دەریای کاریبی بەهێز دەکات، جووڵەپێکردنی فڕۆکەهەڵگری جێرالد فۆرد بۆ ئەمهریکای لاتین. بە بەهێزترین جووڵەی واشنتن لە ناوچەکەدا دادەنرێت، بە گوتەی ئیدارەی ئەمەریکاش، ئامانج لەو جووڵە سەربازییە وەستاندنی قاچاخچێتی ماددە هۆشبەرەکانە.
جووڵە سەربازییەکانی هێزی دەریاوانی ئەمەریکا بە هەنگاوەکانی دژی فەنزوێلا دادەنرێت، هەشت کەشتی جەنگی و ژێردەریاییەکی ئەتۆمی و فڕۆکەی جۆری ئێف-35 لەخۆ دەگرێت کە پێشتر لە ناوچەکەدا بوونیان نەبووە، لە کاتێکدا واشنتن بەردەوام کاراکاس بە حەواندنەوەی قاچاخچییانی ماددە هۆشبەرەکان و تێکدانی کاری دامەزراوە دیموکراتییەکان تۆمەتبار دەکات.
شۆن بارنێڵ، گوتەبێژی وهزارهتی بهرگریی ئهمهریكا (پێنتاگۆن)، لە پۆستێکدا لە پلاتفۆرمی (ئێکس) جەختی لەسەر ئەوە کردەوە: بوونی هێزەکانی ئەمهریکا لە ناوچەی فەرماندەیی باشوور، توانای ئهمهریكا نیشان دەدات بۆ ئاشکراکردن و چاودێریکردن و پەکخستنی ئەو لایەن و چالاکییە نایاساییانەی کە هەڕەشە لە سەلامەتی و خۆشگوزەرانیی هاونیشتمانیانی ئەمریکا دەخەنە مەترسییەوە.
بارنێڵ گوتی: ئەم جووڵە سەربازییە دەبێتە هۆی وەستاندنی قاچاخچێتی ماددە هۆشبەرەکان و لاوازکردن و هەڵوەشاندنەوەی ڕێکخراوە تاوانکارییە سنووربەزێنەکان، لە کاتێکدا کاتی گەیشتنی فڕۆکەهەڵگرەکە بۆ ناوچەکە دیاریی نەکراوە، بەڵام چەند ڕۆژێک لەمەوبەر بەناو گەرووی جەبەل تارق و لە ئەورووپا تێپەڕیووە.
فۆرد بە گەورەترین فڕۆکەهەڵگری جیهان و نوێترین فڕۆکەهەڵگری ئەمهریکی دادەنرێت، لە ساڵی 2017 خرایە خزمەتی سەربازی، لە کاتێکدا زیاتر لە پێنج هەزار دەریاوان لەسەر ئەو کەشتییە خزمەت دەکەن.
لە لای خۆیەوە، نیکۆلاس مادۆرۆ، سەرۆکی فەنزوێلا دووپاتی کردەوە ئهمهریكا هەوڵی ڕووخاندنی دەسەڵاتەکەی دەدات. ڕۆژی پێنجشەممەی ڕابردوو هۆشداری دا چینی کرێکاران ڕاپەڕین دەکەن و لەسەر شەقامەکان مانگرتنی گشتیی ڕادەگەیەنن، ملیۆنان پیاو و ژن بە تفەنگەوە بە وڵاتدا بڵاودەبنەوە، ئەگەر لە حاڵەتێکدا واشنتن دەستوەردان لە کاروباریی وڵات بکات.
