وەزیری دەرەوەی ئێران: وڵاتەکەم ئامادەی گفتوگۆیە
عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران ڕایگەیاند، هێشتا دەکرێت پەیوەندییەکان لەگەڵ ئەمەریکا بەڕێوەببرێن و ئامادەیی وڵاتەکەشی بۆ دانوستان نیشاندا. عراقچی لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ئاژانسی "ئیسنا" ئاشکرای کرد، واشنتن مانگی ڕابردوو پێشنیازی کردووە تاران یۆرانیۆمی پیتێنراو ڕادەست بکات، لە بەرامبەر دواخستنی چالاککردنی "میکانیزمی گەڕانەوەی سزاکان".
وەزیری دەرەوەی ئێران جەختی کردەوە، وڵاتەکەی ئامادەیە بۆ گفتوگۆ و دروستکردنی متمانە بۆ ڕەواندنەوەی نیگەرانییەکان، بەڵام بەو مەرجەی مافی پیتاندنی یۆرانیۆم لە ئێران زەوت نەکرێت، چونکە بە گوتەی ئەو "کەس ناتوانێت تەنیا لەبەر نیگەرانی، ئەم مافەمان لێ زەوت بکات".
لەلایەکی دیکەوە، عەلی لاریجانی، ئەمینداری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی ئێران، هۆکاریی شکستی دوایین گەڕی دانوستانەکانی لەگەڵ وڵاتانی ڕۆژئاوا (ترۆیکای ئەورووپی) ئاشکرا کرد، کە بووە هۆی کاراکردنەوەی سزاکانی نەتەوە یەکگرتووەکان.
لاریجانی لە ڕێوڕەسمێکدا ڕایگەیاند: "پێشمەرجی ڕۆژئاوا بۆ ڕاگرتنی سەپاندنەوەی سزاکان، کەمکردنەوەی مەودای مووشەکەکانمان بوو بۆ کەمتر لە 500 کیلۆمەتر".
لاریجانی جەختی کردەوە تاران ئەم مەرجەی بە توندی ڕەتکردووەتەوە، چونکە توانای مووشەکی بە "پایەیەکی بنەڕەتی ئاسایشی نەتەوەیی و بەرگریی ئێران" دەزانن. ناوبراو ئەو داواکارییەی ڕۆژئاوای بە "هەوڵێک بۆ تەسلیمبوون" وەسف کرد و ڕایگەیاند، کەمکردنەوەی مەودای مووشەکەکان گرنگترین ئامرازی بەرگریی وڵات لاواز دەکات.
