شەڕی ڕووسیا و ئۆکرانیا توندتر دەبێت
لە ئەنجامی هێرشێکی درۆنیی ڕووسیا بۆ سەر کیێڤ، سێ کەس کوژران و 29 کەسی دیکەش بریندار بوون، کە شەش کەسیان منداڵن.
یەکشەممە 26ی ئۆکتۆبەری 2025، ئیدارەی سەربازیی کیێڤ ڕایگەیاند "دوێنێ شەو، لە ئەنجامی هێرشێکی درۆنیی ڕووسیا بۆ سەر کیێڤ، ژمارەیەک هاووڵاتی بەسەختی بریندار بوونە و هێرشە ئاسمانییەکانی ڕووسیاش بۆ سەر شارەکە لە زیادبووندان."
دەسەڵاتدارانی ئۆکرانیا، لە پلاتفۆرمی تێلیگرام، بڵاویان کردەوە "بەرگرییە ئاسمانییەکان توانییان ژمارەیەک فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ڕووسیا بگرنە خوارەوە، بەڵام پاشماوەی ئەو فڕۆکانەی کە خرانە خوارەوە زیانیان بە باڵەخانە نیشتەجێبوونەکان لە چەند ناوچەیەکی کیێڤ گەیاندووە."
برینداربوونی منداڵان
ئیدارەی سەربازیی کیێڤ هەروا ڕایگەیاندووە "سەرجەم بریندارەکان گوێزراونەتەوە نەخۆشخانەکان و لەژێر چاودێریی پێویستی پزیشکیدان و شەش لە بریندارەکان منداڵن."
ئەم هێرشە لە کاتێکی هەستیاردا دێت، چونکە ئۆکرانیا بەردەوامە لە بەرگریی لە خۆی دژی داگیرکاریی ڕووسیا کە زیاتر لە سێ ساڵ و نیوە دەستی پێ کردووە. کیێڤ و شارەکانی دیکەی ئۆکرانیا بەردەوام ڕووبەڕووی هێرشی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و مووشەک بوونەتەوە و ژمارەیەکی زۆر هاووڵاتی کوژراون و بریندار بوونە.
ڤلادیمێر پوتن، سەرۆکی ڕووسیا، لە کاتی سەردانەکەیدا بۆ بارەگای سەرکردایەتیی هێزەکانی ڕووسیا، ئەمڕۆ یەکشەممە، ڕایگەیاند "وڵاتەکەی کارێکی گەورەی لە پێشە بۆ لەناوبردنی گرووپە چەکدارەکانی ئۆکرانیا" و جەختی لەوە کردەوە کە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکە تاوەکو گەیشتن بە هەموو ئامانجە دیاریکراوەکانی، بەردەوام دەبێت.
هەر ئەمڕۆ سێرگی سۆبیانین، سەرۆکی شارەوانیی مۆسکۆ، بە میدیاکانی ڕاگەیاند "سیستەمەکانی بەرگریی ئاسمانیی ڕووسیا توانیویانە فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی ئۆکرانی کە بەرەو مۆسکۆ دەڕۆیشت، تێکبشکێنن.
سزاکانی ئەمەریکا
دوێنێ دۆنالد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکا ڕایگەیاند، هیچ گفتوگۆیەک لەگەڵ ڤلادیمێر پوتن، سەرۆکی ڕووسیا، ناکات مەگەر پوتن جددییەت نیشان بدات لە کۆتایی هێنان بە شەڕی ئۆکرانیا.
ترەمپ، لەناو فڕۆکەی سەرۆکایەتیی "ئێیر فۆرس وەن" لە ڕێگەدا بەرەو ئاسیا، گوتی: کاتم بە فیڕۆ نادەم، تەنیا ئەو کاتە گفتوگۆ لەگەڵ پوتن دەکەم کە دڵنیایی هەبێت لەوەی کە ڕێککەوتنەکە دەبێتە هۆی کۆتاییهێنان بە ململانێکان.
هەروەها، ئەمەریکا چوارشەممەی ڕابردوو سزای نوێی بەسەر گەورەترین دوو کۆمپانیای نەوتی ڕووسیادا سەپاند، وەک هەنگاوێک کە ئامانجی زیادکردنی فشارە لەسەر ئابووریی ڕووسیا لە سێبەری شەڕی بەردەوامدا.
پێشتریش ترەمپ، ناڕەزایی دەربڕیبوو لەسەر ئەنجامی گفتوگۆکانی پێشووی لەگەڵ پوتن و ئاماژەی بەوە دابوو، ئەو گفتوگۆیانە هیچ ئەنجامێکی بەرچاویان نەبووە سەبارەت بە کۆتاییهێنان بە جەنگی ڕووسیا و ئۆکرانیا.
