مۆزەخانەی لۆڤەر بەشێک لە گەوهەرەکانی دەگوێزێتەوە بۆ بانکی فەرەنسا

 دوای دزییەکەی هەفتەی ڕابردوو کە لاوازیی سیستەمی ئاسایشی مۆزەخانە بەناوبانگەکەی فەرەنسای دەرخست، مۆزەخانەی لۆڤەر هەندێک لە بەنرخترین گەوهەرەکانی گواستووەتەوە بۆ ژێرزەمینەکەی بانکی فەرەنسا.

 یەکشەممە، ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز لە زاری سەرچاوەیەکی ئاگەدارەوە، بڵاوی کردەوە  "گواستنەوەی هەندێک لە کەلوپەلە بەنرخەکان لە گەلەری ئەپۆلۆی مۆزەخانەکە، کە شوێنی پاراستنی تاجە مێژووییەکانی فەرەنسایە، ڕۆژی هەینی لەژێر چاودێریی نهێنی و توندی پۆلیسدا جێبەجێ کرا."

 بانکی فەرەنسا، کە یەدەگی زێڕی وڵاتەکە لەژێر زەمینێکی گەورە لە قوڵایی 27 مەتریدا دەپارێزێت، دەکەوێتە باشووری ڕووباری سین و تەنیا 500 مەتر لە لۆڤەرەوە دوورە.

چەند دزێک، ڕۆژی 19ی ئەم مانگە، هەشت پارچە گەوهەری بەنرخیان لە مۆزەخانەی لۆڤەر دزی کە بەهاکەیان بە نزیکەی 102 ملیۆن دۆلار دەخەمڵێنرێت. هەواڵی دزییەکە لە سەرانسەری جیهاندا بڵاو بووەوە و لاوازیی سیستەمی ئاسایشی ئەو مۆزەخانە بەناوبانگە جیهانییەی دەرخست.

 
Fly Erbil Advertisment