پۆلیسی ئیسپانیا تابلۆیه‌كی دزراوی پیكاسۆی دۆزییه‌وه
پۆلیسی ئیسپانیا ئاماژه به دۆزینه‌وه‌ی تابلۆیه‌كی پیكاسۆ ده‌كات كه له سه‌ره‌تای ئه‌م مانگه‌دا له كاتی گواستنه‌وه‌ی كاره هونه‌رییه‌كاندا له مه‌دریده‌وه بۆ غه‌رناته دیار نه‌مابوو؛ ئه‌م تابلۆیه مێژووه‌كه‌ی بۆ ساڵی 1919 ده‌گه‌ڕێته‌وه و به‌هاكه‌ی ده‌گاته نزیكه‌ی 700 هه‌زار دۆلار.
هه‌ینی، 24ـی تشرینی یه‌كه‌می 2025، پۆلیسی ئیسپانیا ڕایگه‌یاند، توانیویه‌تی تابلۆی "ژیان له‌گه‌ڵ گیتار"ـی هونه‌رمه‌ندی شێوه‌كاری جیهانیی، پاپلۆ پیكاسۆ بدۆزێته‌وه، دوای ئه‌وه‌ی له سه‌ره‌تای ئه‌م مانگه له کاتی گواستنه‌وه‌ی كۆمه‌ڵێك كاری هونه‌ری له مه‌دریده‌وه بۆ پێشانگەیەکی شێوەکاری لە شاری غه‌رناته، دیار نه‌مابوو.
تابلۆی "ژیان له‌گه‌ڵ گیتار" كه یه‌كێكه له شاكاره به ناوبانگه‌كانی پیكاسۆ، مێژووه‌كه‌ی بۆ ساڵی 1919 ده‌گه‌ڕێته‌وه و به‌هاكه‌ی ده‌گاته نزیكه‌ی 700 هه‌زار دۆلار.
بڕیار وابوو ئه‌م تابلۆیه كه له لایه‌ن زانكۆیه‌كی تایبه‌ت له مه‌دریدی پایته‌ختی ئیسپانیا خاوه‌نداریه‌تیی ده‌كرێت، یه‌كێك بێت له تابلۆكانی پێشانگه‌یه‌كی نوێی دامه‌زراوه‌ی "كاخا غه‌رناته"، به‌ڵام دوای ئه‌وه‌ی ئه‌و بارهه‌ڵگره‌ی تابلۆكانی گواستبووه‌وه، به‌تاڵ كرا و باره‌كه‌ی بەتاڵکرا، ڕێكخه‌ری پێشانگه‌كه تێبینی كرد، تابلۆكه‌ی پیكاسۆ دیار نییه.
دامه‌زراوه‌ی "كاخا غه‌رناته"، له‌م باره‌یه‌وه ڕاگه‌یه‌ندراوێكی بڵاو كردووه‌ته‌وه و ئاماژه‌ی به‌وه كردووه، هه‌موو تابلۆكان كه بارهه‌ڵگره‌كه هه‌ڵیگرتوون بۆ ئه‌وه‌ی بۆ غه‌رناته بیانگوازێته‌وه، سێ ڕۆژ پێشتر له ژێر كامێرای چاودێریدا بووه.
هاوكات پۆلیس له ڕاگه‌یه‌نراوه‌كه‌یدا جگه له دۆزینه‌وه‌ی تابلۆكه، هیچ زانیاری و ورده‌كارییه‌كی دیكه‌ی له‌م باره‌وه نه‌خستووه‌ته ڕوو، ته‌نیا ئه‌وه نه‌بێت گوتوویه‌تی، ڕه‌نگه تابلۆكه له سه‌ره‌تاوه له بارهه‌ڵگره دانه‌نراوه.
دامه‌زراوه‌ی "كاخا غه‌رناته"، هیوای خواستبوو، ئه‌م تابلۆیه له پێشانگه‌كه‌دا نمایش بكرێت كه له 9ـی ئه‌م مانگه كراوه‌ته‌وه و تاوه‌كوو 11ـی كانوونی دووه‌می 2026 به‌رده‌وام ده‌بێت.
كاره هونه‌رییه‌كانی پیكاسۆ به‌هۆی به‌رزی نرخ و به‌هاكانیان، به‌رده‌وام ده‌دزرێن. به‌م دواییانه دوو تابلۆی به بەهای 140 ملیۆن دۆلار له مه‌زادێكی ئاشكرادا فرۆشران. ساڵی 1976، زیاتر له 100 تابلۆی ئه‌م هونه‌رمه‌نده له فه‌ره‌نسا دزران، به‌ڵام توانرا هه‌موویان بگه‌ڕێندرێنه‌وه.
پاپلۆ پیكاسۆ ساڵی 1881 له شاری مه‌له‌گه‌ی ئیسپانیا له دایكبووه و له 8ـی نیسانی 1973 له شاری مۆگانی فه‌ره‌نسی به‌نه‌خۆشی سیییه‌كان و دڵ كۆچی دوایی كرد.
