فیلمێكی تایبه‌ت به‌ ئێزدییە ڕزگاربووەکانی دەستی داعش لە ئەمەریکا نمایش دەکرێت

فیلمی دیکۆمێنتاری (ژیان دوای ئازادی) کە باس لە ژیانی ئێزدییە ڕزگاربووەکانی دەستی داعش دەکات، 30ـی تشرینی یەکەمی 2025، لە فێستیڤاڵی فیلمی ئەمه‌ریکی - میسری "EAFF"، ( بۆ سینەما و هونەر) لە شاری نیویۆرکی ئەمەریکا نمایش دەکرێت.

شەماڵ حوسێن، دەرهێنەری فیلمی دیکۆمێنتاری (ژیان دوای ئازادی) بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی گوت: فیلمەکە 21 خولەکە و دەچێتە نێو کێبڕکێی بردنەوەی خەڵاتی فێستیڤاڵی فیلمی ئەمه‌ریکی - میسری کە بە بەشداریی چەندین وڵاتی جیهان بەڕێوە دەچێت.

شەماڵ حوسێن ئاماژە بەوە دەکات، دیکۆمێنتاری (ژیان دوای ئازادی)، باس لە ئافره‌ت و پیاوە ئێزدییەکان دەکات کە دوای ڕزگاربوونیان لە دەستی داعش، سەرلەنوێ دەست بە ژیان دەکەنەوە و هاوسەرگیریی دەکەن.

دەڵێت: دیکۆمێنتارییەکە چیرۆکی ئێزدییەکان دەگێڕێتەوە کە تا ئێستاشی لەگەڵدا بێت، بە دەست کاریگەرییەکانی زەبر و زەنگی داعش دەناڵێنن.

فێستیڤاڵی فیلمی ئەمه‌ریکی - میسری "EAFF"، ( بۆ سینەما و هونەر) چالاکییەکی ساڵانەیە و لە شاری نیویۆرک بەڕێوە دەچێت.

گەڕی یەکەمی فێستیڤاڵەکە لە مانگی تشرینی دووەمی 2021 لە کۆلێژی سان فرانسیس بۆ ماوەی سێ ڕۆژدا بەڕێوە چوو، تێیدا 11 وڵات بە چەندین فیلمی جۆراوجۆر بەشدارییان کرد، لەوانە فیلمی درێژ و کورتەفیلم و فیلمی دیکۆمێنتاری، لە ماوەی سێ ڕۆژی فێستیڤاڵەکەدا 40 فیلم نمایش کران.

 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment