ڕوانگەی سووری بۆ مافی مرۆڤ: کوشتن و تاوانکاری لە سووریا لە زیادبوونە
بەڕێوەبەری ڕوانگەی سووری بۆ مافی مرۆڤ ڕایگەیاند: ڕێژەی تاوان لە سووریا ڕۆژ بە ڕۆژ لە زیادبوونە، هەروەها لە سەرەتای ئەمساڵەوە تاوەکوو ئێستا 59 شەڕی کۆمەڵایەتی ڕوویانداوە.
ڕامی عەبدلڕەحمان، بەڕێوەبەری روانگەی سووری بۆ مافی مرۆڤ، بە كوردستان24ـی راگەیاند: لە باكوور و رۆژهەڵاتی سووریا، لە سەرەتای ئەمساڵەوە تاوەکوو ئێستا رێژەی تاوان و توندوتیژی ڕۆژ بە ڕۆژ لە زیادبوونە، هەروەها دیاردەی چەک هەڵگرتنیش زیادبووە.
ڕامی عەبدولڕەحمان گوتی: 59 شەڕی کۆمەڵایەتی ڕوویانداوە و بەهۆیەوە 48 كەس كوژران و 76 كەسی دیکەش برینداربوون.
روانگەی سووری بۆ مافی مرۆڤ، نیگەرانی خۆی لە دۆخەكە دەردەبڕێت و ئاماژە بەوە دەکات، 131 حاڵەتی كوشتن بە ئەنقەست تۆمار كراون، بەهۆكاری توندوتیژی خێزانی و دزی و تۆڵەسەندنەوە، جگە لەوانە هەندێك لە تاوانەكانی دیكە هۆكارەكەیان نەزانراوە.
