بردنەوەی ترەمپ یان بایدن لە بەرژەوەندیی عێراقە؟

ترەمپ چەند بڕیارێکی کاریگەری لەبارەی عێراقەوە داوە

 

K24 - سلێمانی

لەدوای ساڵی 2003ـوە یەکێک لەو وڵاتانەی ئەمەریکا ھەمیشە چاودێری بارودۆخەکەی کردووە عێراقە، لەگەڵ ھاتنی سەرۆکە یەک لە دوا یەکەکانی ئەمەریکاش، عێراق و داھاتوویی ئەو وڵاتە، بۆ ئەو سەرۆکانە گرنگی خۆی ھەبووە، بەڵام ئایا بردنەوەی ترەمپ یان بایدن لە هەڵبژاردنی 3-11-2020ـی ئەمەریکا بە سوودی عێراقە؟

دۆناڵد ترەمپ، کاندیدی کۆمارییەکانی ئەمەریکا بۆ هەڵبژاردنی هەفتەی داهاتووی سەرۆکایەتیی ئەو وڵاتە، لەو کاتەوەی بووەتە سەرۆکی ئەمەریکا لە ساڵی 2016، ھەندێک بڕیاری کاریگەری لەبارەی عێراقەوە داوە، کە کاریگەریی لەسەر ئاییندەی سیاسیی ئەو وڵاتە جێھێشتووە.

چاودێرێکی سیاسی دەڵێت ھەڵبژاردنی کاندیدی کۆمارییەکان یاخود دیموکراتەکان، رەنگە گۆڕانکارییەکی رێژەیی بەسەر سیاسەتەکانی ئەمەریکا بەرامبەر عێراق بھێنێت.

حەسەن جەباری، چاودێری سیاسی باس لەوە دەکات "بە بڕوای من، ئەگەر ترەمپ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی بباتەوە، رەنگە زیاتر سوور بێت لەسەر بەرنامەکەی و هەژموونی سیاسی هەبێت لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و عێراق بەتایبەتی... ئەوەی دەیبینم ئێستا ئەمەریکا لەگەڵ کازمی (سەرۆکوەزیرانی عێراق) پەیوەندی باشە و، دەرچوونی ترەمپ بۆ کازمی باشترە".

تێڕوانینی ترەمپ و بایدن بۆ داھاتووی عێراق رەنگە جیاواز بێت، بەڵام بە رای چاودێرێکی دیکە بایدن لە رووی دیپلۆماسییەوە لە ترەمپ باشترە، بۆیە پێیوایە دەرچوونی بایدن بۆ دۆخی ئێستای عێراق گونجاوترە.

بەختیار مستەفا، چاودێری سیاسی دەڵێ "جۆو بایدن، هەم کەسایەتییەکی سیاسیی دیارە و هەم بۆخۆی شارەزاییەکی هەیە و ئاگاداری زیاتری رووداوەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستە بەگشتی و عێراق و کوردستانیش، بۆیە پێموایە سەرکەوتنی بایدن لەوانەیە کاریگەری باشتری هەبێت، هەم بۆ فشاردانان لەسەر دەوڵەتی عێراق و هەرێمی کوردستان بۆ چارەسەرکردنی گرفتەکانی نێوانیان، هەم بۆ بڕینەوەی دەستی هێزە تووندڕەوەکان و بەتایبەتی کۆماری ئیسلامی ئێران و داعش کە ئەوان کاریگەری و هەژموونی خۆیانیان بەسەر ناوچەکە بڵاوکردووەتەوە".

دۆخی ئێستای عێراق بە جۆرێکە، ھیچ وڵاتێک حەزی پێناخوازێت. گەلانی عێراقیش چاویان لەوەیە ھەوڵێکی نێوخۆیی یاخود دەرەکی نەھامەتی و کێشەکان لە عێراق دووربخەنەوە، کە ئەو وڵاتەیان گیرۆدە کردووە.

 

هـ.ر.