چه‌ند راستییه‌ك له‌ باره‌ی مێژووی هه‌ڵبژاردنه‌كانی سه‌رۆكایه‌تی ئه‌مه‌ریكا

هه‌ریه‌كه‌ له‌ تره‌مپ و بایدن، ئه‌گه‌ر ببنه‌ سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا، ده‌بنه‌ به‌ته‌مه‌نترین سه‌رۆكی هه‌ڵبژێردراو

K24 - هه‌ولێر:

هه‌ڵبژاردنی ئه‌مه‌ریكا به‌ گشتی له‌لایه‌ن وڵاتانی جیهانه‌وه‌ به‌ گرنگییه‌وه‌ سه‌یر ده‌كرێت، به‌و پێیه‌ی سیاسه‌ته‌كانی ئه‌و وڵاته‌، كاریگه‌ریی به‌سه‌ر زۆربه‌ی پرسه‌كانی جیهانه‌وه‌ هه‌یه‌، پرسیاره‌كه‌ش ئه‌وه‌یه‌: ئایا هه‌ر دۆناڵد تره‌مپی كۆمارییه‌كان ده‌مێنێته‌وه‌، یان جۆزیف بایدنی دیموكراته‌كان ده‌چێته‌ ئۆڤال ئۆفیسی كۆشكی سپی.

چه‌ند راستییه‌ك له‌ باره‌ی هه‌ڵبژاردنه‌كانی ئه‌مه‌ریكا:

  1. یه‌كه‌م هه‌ڵبژاردنی فه‌رمی بۆ دیاریكردنی سه‌رۆكایه‌تی ئه‌مه‌ریكا، له‌ ساڵی 1789 ئه‌نجامدرا و جۆرج واشنتۆن، وه‌ك یه‌كه‌م سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا، هه‌ڵبژێردرا.
  2. له‌ سه‌ره‌تادا له‌كۆی 13 ویلایه‌ت، ته‌نها 10 ویلایه‌ت به‌شدارییان له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كه‌دا كرد.
  3. به‌ر له‌ ساڵی 1904، هه‌ر كه‌سێك دووه‌م زۆرترین ده‌نگی هێنابا له‌ دوای سه‌رۆك، وه‌ك جێگری سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا ده‌ستنیشان ده‌كرا، دواتر ده‌ستووری وڵات هه‌مواركرایه‌وه‌ و بڕیاردرا جێگری سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا، به‌جیا هه‌ڵبژاردنی بۆ بكرێت.
  4. گه‌وره‌ترین سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا، له‌ رووی ته‌مه‌نه‌وه‌، دۆناڵد تره‌مپه‌، كه‌ 70 ساڵ بوو كاتێك به‌ سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا هه‌ڵبژێردرا، پێشتریش رۆناڵد ریگن له‌ ته‌مه‌نی 69 ساڵی بوو، هه‌ر یه‌كێك له‌ تره‌مپ و بایدن ببنه‌ سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا، ده‌بنه‌ به‌ ته‌مه‌نترین سه‌رۆك، چونكه‌ تره‌مپ 74 ساڵه‌ و بایدنیش 78 ساڵ، بچووكترین سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكاش جۆن كه‌نه‌دی بوو، كه‌ له‌ ته‌مه‌نی 43 ساڵیدا ئه‌و پۆسته‌ی وه‌رگرت.
  5. گرۆفه‌ر كیلیڤلاند، تاكه‌ سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا بوو، كه‌ یه‌ك خوول له‌و پۆسته‌دا بوو و نه‌یتوانی ویلایه‌تی دووه‌م له‌سه‌ریه‌ك به‌ده‌ستبهێنێت، به‌ڵام دواتر له‌ هه‌ڵبژاردنێكی دیكه‌دا توانی ئه‌و پۆسته‌ وه‌ربگرێته‌وه‌ و چوار ساڵی دیكه‌ش ببێته‌ سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا، به‌مپێیه‌ش بووه‌ته‌ 22هه‌م و 24ه‌هه‌م سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا.
  6. تا ئێستا چوار حاڵه‌ت ده‌ستنیشانكراوه‌ له‌ ئه‌مه‌ریكا، كه‌ ئه‌و كاندیده‌ی زۆرترین ده‌نگ له‌ هه‌ڵبژاردنی ویلایه‌ته‌كان به‌ده‌ست ده‌هێنێت، نابێته‌ نوێنه‌ری ویلایه‌ته‌كه‌.
  7. له‌ ئه‌مه‌ریكا هه‌ڵبژاردنێكی سه‌ره‌تایی بۆ كاندیده‌كان ئه‌نجام ده‌درێت، دواتر ئه‌و كاندیده‌ی زۆرترین ده‌نگی هێناوه‌، ده‌بێته‌ ئه‌ندامی ئه‌نجوومه‌نی هه‌ڵبژاردن.
  8. ئه‌نجومه‌نی هه‌ڵبژاردنی ئه‌مه‌ریكا، 538 ئه‌ندامی هه‌یه‌، هه‌ر ویلایه‌تێك به‌ گوێره‌ی ژماره‌ی ئه‌ندامانی له‌و ئه‌نجومه‌نه‌، كورسی له‌ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران و ئه‌نجومه‌نی پیراندا هه‌یه‌، ته‌نها واشنتۆنی پایته‌خت نه‌بێت كه‌ سه‌ر به‌ هیچ یه‌كێك له‌ ویلایه‌ته‌كان نییه‌ و سێ نوێنه‌ری هه‌یه‌.
  9. پێویسته‌ هه‌ر كاندیدێك ده‌نگی 270 نوێنه‌ری ئه‌نجوومه‌نی هه‌ڵبژاردن به‌ده‌ست بهێنێت، ئه‌گه‌ر هه‌ر كاندیدێك ئه‌و رێژه‌یه‌ به‌ده‌ست نه‌هێنێت، ئه‌وا راسته‌وخۆ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران، سه‌رۆك هه‌ڵده‌بژێرێت.
  10. سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی له‌ نه‌ریتی هه‌ڵبژاردنه‌كانی ئه‌مه‌ریكا، پێویسته‌ ئه‌نجومه‌نی هه‌ڵبژاردن كه‌سێك ده‌ستنیشان بكات، كه‌ ده‌نگده‌ران ده‌نگییان پێداوه‌، به‌ڵام له‌ چه‌ند حاڵه‌تێكدا به‌و شێوه‌یه‌ نه‌بووه‌ و كه‌سێكی دیكه‌، وه‌ك نوێنه‌ر ده‌ستنیشان كراوه‌، وه‌ك ئه‌وه‌ی له‌ ویلایه‌تی ڤێریجینیا له‌ ساڵی 1988 روویدا، له‌كاتێكدا ئه‌و كاندیده‌ی زۆرترین ده‌نگی ویلایه‌ته‌كه‌ی به‌ده‌ستهێنا، نه‌بووه‌ نوێنه‌ر له‌ ئه‌نجوومه‌نی هه‌ڵبژاردن.
  11. رێژه‌ی به‌شداریكردنی هاووڵاتییان، به‌ تێپه‌ڕبوونی كات كه‌متر ده‌بێته‌وه‌، له‌ ساڵی 1960 نزیكه‌ی 62%ی هاووڵاتییان به‌شدارییان له‌ هه‌ڵبژاردندا كرد، به‌ڵام له‌ ساڵی 2000 رێژه‌كه‌ بۆ 52% دابه‌زی، به‌ گوێره‌ی راپرسییه‌كانیش تاكی ئه‌مه‌ریكی، تادێت گرنگیپێدانی بۆ هه‌ڵبژاردنه‌كان كه‌مترده‌بێته‌وه‌، چونكه‌ به‌ بۆچوونی ئه‌وان، هه‌ڵبژاردن هیچ گۆڕانكارییه‌ك له‌ ژیانی تایبه‌تی ئه‌واندا ناكات.
  12. له‌ ساڵی 2008، باراك ئۆباما، وه‌ك یه‌كه‌م كاندیدی ئه‌مه‌ریكی به‌ ره‌چه‌ڵه‌ك ئه‌فریقی وه‌ك كاندیدی سه‌ره‌كی دیموكراته‌كان ده‌ستنیشان كراو و دواتر له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كان زۆرینه‌ی ده‌نگه‌كانی به‌ده‌ستهێنا و بووه‌ یه‌كه‌م سه‌رۆكی ره‌شپێستی ئه‌مه‌ریكا.

سه‌رچاوه‌: هه‌ف پۆست