چه‌ند راستییه‌ك له باره‌ی مێژووی هه‌ڵبژاردنه‌كانی سه‌رۆكایه‌تی ئه‌مه‌ریكا
هه‌ریه‌كه له تره‌مپ و بایدن، ئه‌گه‌ر ببنه سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا، ده‌بنه به‌ته‌مه‌نترین سه‌رۆكی هه‌ڵبژێردراو
K24 - هه‌ولێر:
هه‌ڵبژاردنی ئه‌مه‌ریكا به گشتی له‌لایه‌ن وڵاتانی جیهانه‌وه به گرنگییه‌وه سه‌یر ده‌كرێت، به‌و پێیه‌ی سیاسه‌ته‌كانی ئه‌و وڵاته، كاریگه‌ریی به‌سه‌ر زۆربه‌ی پرسه‌كانی جیهانه‌وه هه‌یه، پرسیاره‌كه‌ش ئه‌وه‌یه: ئایا هه‌ر دۆناڵد تره‌مپی كۆمارییه‌كان ده‌مێنێته‌وه، یان جۆزیف بایدنی دیموكراته‌كان ده‌چێته ئۆڤال ئۆفیسی كۆشكی سپی.
چه‌ند راستییه‌ك له باره‌ی هه‌ڵبژاردنه‌كانی ئه‌مه‌ریكا:
- یه‌كه‌م هه‌ڵبژاردنی فه‌رمی بۆ دیاریكردنی سه‌رۆكایه‌تی ئه‌مه‌ریكا، له ساڵی 1789 ئه‌نجامدرا و جۆرج واشنتۆن، وه‌ك یه‌كه‌م سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا، هه‌ڵبژێردرا.
- له سه‌ره‌تادا له‌كۆی 13 ویلایه‌ت، ته‌نها 10 ویلایه‌ت به‌شدارییان له هه‌ڵبژاردنه‌كه‌دا كرد.
- به‌ر له ساڵی 1904، هه‌ر كه‌سێك دووه‌م زۆرترین ده‌نگی هێنابا له دوای سه‌رۆك، وه‌ك جێگری سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا ده‌ستنیشان ده‌كرا، دواتر ده‌ستووری وڵات هه‌مواركرایه‌وه و بڕیاردرا جێگری سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا، به‌جیا هه‌ڵبژاردنی بۆ بكرێت.
- گه‌وره‌ترین سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا، له رووی ته‌مه‌نه‌وه، دۆناڵد تره‌مپه، كه 70 ساڵ بوو كاتێك به سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا هه‌ڵبژێردرا، پێشتریش رۆناڵد ریگن له ته‌مه‌نی 69 ساڵی بوو، هه‌ر یه‌كێك له تره‌مپ و بایدن ببنه سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا، ده‌بنه به ته‌مه‌نترین سه‌رۆك، چونكه تره‌مپ 74 ساڵه و بایدنیش 78 ساڵ، بچووكترین سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكاش جۆن كه‌نه‌دی بوو، كه له ته‌مه‌نی 43 ساڵیدا ئه‌و پۆسته‌ی وه‌رگرت.
- گرۆفهر كیلیڤلاند، تاكه سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا بوو، كه یه‌ك خوول له‌و پۆسته‌دا بوو و نه‌یتوانی ویلایه‌تی دووه‌م له‌سه‌ریه‌ك به‌ده‌ستبهێنێت، به‌ڵام دواتر له هه‌ڵبژاردنێكی دیكه‌دا توانی ئه‌و پۆسته وه‌ربگرێته‌وه و چوار ساڵی دیكه‌ش ببێته سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا، به‌مپێیه‌ش بووه‌ته 22هه‌م و 24هههم سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا.
- تا ئێستا چوار حاڵه‌ت ده‌ستنیشانكراوه له ئه‌مه‌ریكا، كه ئه‌و كاندیده‌ی زۆرترین ده‌نگ له هه‌ڵبژاردنی ویلایه‌ته‌كان به‌ده‌ست ده‌هێنێت، نابێته نوێنه‌ری ویلایه‌ته‌كه.
- له ئه‌مه‌ریكا هه‌ڵبژاردنێكی سه‌ره‌تایی بۆ كاندیده‌كان ئه‌نجام ده‌درێت، دواتر ئه‌و كاندیده‌ی زۆرترین ده‌نگی هێناوه، ده‌بێته ئه‌ندامی ئه‌نجوومه‌نی هه‌ڵبژاردن.
- ئه‌نجومه‌نی هه‌ڵبژاردنی ئه‌مه‌ریكا، 538 ئه‌ندامی هه‌یه، هه‌ر ویلایه‌تێك به گوێره‌ی ژماره‌ی ئه‌ندامانی له‌و ئه‌نجومه‌نه، كورسی له ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران و ئه‌نجومه‌نی پیراندا هه‌یه، ته‌نها واشنتۆنی پایته‌خت نه‌بێت كه سه‌ر به هیچ یه‌كێك له ویلایه‌ته‌كان نییه و سێ نوێنه‌ری هه‌یه.
- پێویسته هه‌ر كاندیدێك ده‌نگی 270 نوێنه‌ری ئه‌نجوومه‌نی هه‌ڵبژاردن به‌ده‌ست بهێنێت، ئه‌گه‌ر هه‌ر كاندیدێك ئه‌و رێژه‌یه به‌ده‌ست نه‌هێنێت، ئه‌وا راسته‌وخۆ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران، سه‌رۆك هه‌ڵده‌بژێرێت.
- سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی له نه‌ریتی هه‌ڵبژاردنه‌كانی ئه‌مه‌ریكا، پێویسته ئه‌نجومه‌نی هه‌ڵبژاردن كه‌سێك ده‌ستنیشان بكات، كه ده‌نگده‌ران ده‌نگییان پێداوه، به‌ڵام له چه‌ند حاڵه‌تێكدا به‌و شێوه‌یه نه‌بووه و كه‌سێكی دیكه، وه‌ك نوێنه‌ر ده‌ستنیشان كراوه، وه‌ك ئه‌وه‌ی له ویلایه‌تی ڤێریجینیا له ساڵی 1988 روویدا، له‌كاتێكدا ئه‌و كاندیده‌ی زۆرترین ده‌نگی ویلایه‌ته‌كه‌ی به‌ده‌ستهێنا، نه‌بووه نوێنه‌ر له ئه‌نجوومه‌نی هه‌ڵبژاردن.
- رێژه‌ی به‌شداریكردنی هاووڵاتییان، به تێپه‌ڕبوونی كات كه‌متر ده‌بێته‌وه، له ساڵی 1960 نزیكه‌ی 62%ی هاووڵاتییان به‌شدارییان له هه‌ڵبژاردندا كرد، به‌ڵام له ساڵی 2000 رێژه‌كه بۆ 52% دابه‌زی، به گوێره‌ی راپرسییه‌كانیش تاكی ئه‌مه‌ریكی، تادێت گرنگیپێدانی بۆ هه‌ڵبژاردنه‌كان كه‌مترده‌بێته‌وه، چونكه به بۆچوونی ئه‌وان، هه‌ڵبژاردن هیچ گۆڕانكارییه‌ك له ژیانی تایبه‌تی ئه‌واندا ناكات.
- له ساڵی 2008، باراك ئۆباما، وه‌ك یه‌كه‌م كاندیدی ئه‌مه‌ریكی به ره‌چه‌ڵه‌ك ئه‌فریقی وه‌ك كاندیدی سه‌ره‌كی دیموكراته‌كان ده‌ستنیشان كرا‌و و دواتر له هه‌ڵبژاردنه‌كان زۆرینه‌ی ده‌نگه‌كانی به‌ده‌ستهێنا و بووه یه‌كه‌م سه‌رۆكی ره‌شپێستی ئه‌مه‌ریكا.
سه‌رچاوه: هه‌ف پۆست