ڕوانگەی عێراقی سەوز: حکوومەت بەرپرسیارە لە پیسبوونی هەوای بەغدا

بەغدا
بەغدا

ڕوانگەی عێراقی سەوز ڕایگەیاند، ئەو کارگانەی بێ مۆڵەت کاردەکەن، کەشوهەوای بەغدایان پیسکردووە، هەروەها حکوومەتیش تاوەکوو ئێستا هیچ چارەسەرێکی بۆ بابەتەکە نەدۆزیوەتەوە.

ڕوانگەی عێراقی سەوز هۆکارەکانی پیسبوونی هەوای بەغدای ئاشکرا کرد و ڕایگەیاند، یەکێک لە هۆکارەکانی پیسبوونی ژینگە و هەوای بەغدا بۆ لایەنی پەیوەندار دەگەڕێتەوە کە لێپرسینەوە لە کارگەکانی خشت و قیڕی بێ مۆڵەت ناکەن و دایان ناخەن، کە بەشدارن لە پیسکردنی هەوای شارەکە.

ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو کارگانە سووتەمەنی کواڵیتی خراپ بەکاردەهێنن کە دەبێتە هۆی بڵاوبوونەوەی بۆنی ناخۆش و پیشکردنی ژینگە، ئەمە سەرەڕای ئەوەی چەندین جار لایەنی بەرپرس دڵنیاییان بە دادگاییکردن و داخستنی پڕۆژە سەرپێچیکارەکان داوە.

ڕوانگەکە ئەوەشی ئاشکرا کرد، سووتاندنی زبڵ و خاشاک لەبەغدا بەردەوامە، گرنگی نەدانی حکوومەتیش بەو پرسە بووەتە هۆی زیادبوونی ئەم سەرپێچییانە، هەروەها بەپێی ئامارەکانی IQ AIR بەغدا یەکێکە لەوشارانەی جیهان پیسترین کەشوهەوای هەیە.

ڕوانگەی عێراقی سەوز باسی لەوەشکرد، ئەگەر بەرپرسان چارەسەری ئەو کێشەیە نەکەن و دۆخەکە باشتر نەکەن، لە ڕۆژانی داهاتوودا پیسبوونی ژینگەی بەغدا زیاتر دەبێت، کە بەهۆی چالاکییە پیشەسازییەکانی بەغدا دروست بووە.

هەنگاوەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ پاککردنەوەی کەشوهەوا

ڕۆژی سێشەممە، 19ـی ئابی 2025، لە ڕاگەیەندراوێکدا پارێزگاری هەولێر بڵاوی کردەوە، لە چوارچێوەی هەوڵەکان بۆ هەڵسەنگاندنی کەشوهەوا و ڕووبەڕووبوونەوەی کێشە ژینگەییەکان، حکوومەتی هەرێمی کوردستان پلانی پێنج ئامێری پێوانەیی کەشوهەوا لە شاری هەولێر داناوە. ئەم ئامێرانە بەکاردەهێنرێن بۆ پێوانەکردنی وردی کەشوهەوا و چارەسەرکردنی گرفتەکانی پیسبوونی ژینگە، کە هەنگاوێکی گرنگە بۆ هەر شارێک.

پرۆژەی ڕووناکی

لە لایەکی دیکەوە، پڕۆژەی "ڕووناکی" بۆ دابینکردنی کارەبای 24 کاتژمێری، کاریگەرییەکی بەرچاوی لەسەر کەمکردنەوەی پیسبوونی ژینگە هەبووە. جێبەجێکردنی ئەم پڕۆژەیە لە چەندان شاروشارۆچکەکانی هەرێمی کوردستان، بووەتە هۆی لابردنی ژمارەیەکی زۆری مۆلیدە ئەهلییەکان. بەپێی ئامارەکان، لە چوارچێوەی پڕۆژەی ڕووناکیدا زیاتر لە هەزار و 260 موەلیدە لەسەر ئاستی کوردستان لابراون، کە ئەمەش کاریگەریی بەرچاوی لە کەمکردنەوەی دووکەڵ و ژاوەژاو هەبووە. 

داخستنی پاڵاوگە نایاساییەکان

حکوومەتی هەرێمی کوردستان، چەندان ڕێکاری دیکەی بۆ پاککردنەوەی ژینگەی هەولێر گرتووەتەبەر. یەکێک لە هەنگاوە دیارەکان، هەڵمەتی داخستنی پاڵاوگە نایاساییەکان بووە. لەم چوارچێوەیەدا بڕیاریی داخستن بۆ 138پاڵاوگەی نایاسایی دەرچوو بوو کە لەو ژمارەیە دەیان پاڵاوگە داخران. ئەم پاڵاوگانە بەهۆی نەبوونی پابەندبوون بە ڕێنماییە ژینگەیی و تەندروستییەکان، بە هۆکارێکی سەرەکی پیسبوونی هەوای شارەکە دادەنران.

 
 
 
Fly Erbil Advertisment