ترەمپ هۆشداریی دەداتە ڕووسیا
دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکا، ڕایگەیاند، هەڵبژاردن و تاقیکرنەوەی مووشەکی کروز لە لایەن ڕووسیاوە کارێکی نەگونجاوە، مووشەکێکی مەترسیدارە، دەتوانێت کڵاوەی ئەتۆمی هەڵبگرێت، بۆیە نابێت مۆسکۆ ئەم تاقیکردنەوەیە ئەنجام بدات.
ئەمڕۆ دووشەممە 27ـی تشرینی یەکەمی 2025، دۆناڵد ترەمپ بە میدیاکانی ڕاگەیاند، پێویستە سنوورێک بۆ جەنگی نێوان ڕووسیا و ئۆکرانیا دابنرێت، ئەم جەنگە نەدەبوو لە هەفتەیەک زیاتر درێژە بکێشێت، بەڵام خەریکە دەبێت بە چوار ساڵ هێشتا بەردەوامە، دەبێت لە جیاتی بەکارهێنان و تاقیکردنەوەی مووشەک، بیر لە بژاردەی دیکە بکەینەوە.
ئەم قسانەی ترەمپ لە کاتێکدایە، دوێنێ ئێوارە ڤلادیمێر پوتن سەرۆکی ڕووسیا، ڕایگەیاند، ئامادەکارییەکان بۆ تاقیکردنەوەی مووشەکی کروز کۆتایی هاتووە، جگە لەمەش بژاردەی دیکەمان زۆرە و دەتوانین لە کاتی بەردەوام بوونی شەڕ و گرژییەکان بەکاریبهێنین، بەڵام ئەوەی گرنگە ئامانجە سەرەکییەکەمان بە دەست هێناوە.
ڤالێری گیراسیمۆڤ سەرۆکی دەستەی هێزە چەکدارەکانی ڕووسیا لەمبارەیەوە دەڵێت، مووشەکی "بۆریڤیستینگ" لە کاتی تاقیکردنەوەیدا نزیکەی 15 کاتژمێر لە ئاسماندا ماوەتەوە، لەم ماوەیدا توانیویەتی 14 هەزار کیلۆمەتر ببڕێت، هاوکات ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەمە کۆتا ڕادەی توانای ئەو مووشەکە نییە، دەتوانێت پەرەی پێبدرێت و بەهێزتر بکرێت.
لێدوان و هەڕەشەکانی ڕووسیا لە دوای ئەوە دێت، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکا، هەفتەی ڕابردوو، ڕایگەیاند، هیچ گفتوگۆیەک لەگەڵ ڤلادیمێر پوتن، سەرۆکی ڕووسیا، ناکات مەگەر پوتن کۆتایی بە جەنگی ئۆکرانیا بهێنێت.
ترەمپ، لەناو فڕۆکەی سەرۆکایەتیی "ئێیر فۆرس وەن" لە ڕێگەی بەرەو ئاسیا، گوتی: کاتم بە فیڕۆ نادەم، تەنیا ئەو کاتە گفتوگۆ لەگەڵ پوتن دەکەم کە دڵنیایی هەبێت لەوەی ڕێککەوتنەکە کۆتایی بەجەنگ بهێنێت.
ڕۆژی چوارشەممەی ڕابردوو، ئەمەریکا سزای نوێی بەسەر دوو گەورەترین کۆمپانیای نەوتی ڕووسیادا سەپاند، ئەمەش وەک هەنگاوێک بۆ زیاتر فشار خستنە سەر ئابووریی ڕووسیایە.
پێشتریش ترەمپ، ناڕەزایی دەربڕیبوو لەسەر ئەنجامی گفتوگۆکانی پێشووی لەگەڵ پوتن و ئاماژەی بەوە دابوو، ئەو گفتوگۆیانە هیچ ئەنجامێکی بەرچاویان نەبووە سەبارەت بە کۆتاییهێنان بە جەنگی ڕووسیا و ئۆکرانیا.
