گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی حەج و عومرە دەنگۆیەک ڕەت دەکاتەوە

بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان، بە فەرمی ئەو دەنگۆیانە ڕەت دەکاتەوە کە باس لە گڕگرتنی پاسێکی گواستنەوەی عومرەکاران لە شەقڵاوە دەکەن و، جەخت لە سەلامەتیی تەواوی سەرنشینەکان دەکاتەوە.

ڕۆژی چوارشەممە، 24ـی کانوونی یەکەمی 2025، کاروان ستوونی، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی حەج و عومرەی کوردستان، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: ئەو هەواڵانەی لە بەشێک لە پەیج و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکراونەتەوە گوایە پاسێکی عومرەکاران لە شەقڵاوە ئاگری تێبەربووە، "دوورن لە ڕاستییەوە و بێ بنەمان، هیچ کارەساتێکی لەو شێوەیە ڕووی نەداوە."

گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتییەکە ڕوونی کردەوە، کە پاسەکە تەنیا تووشی کێشەیەکی (میکانیکی) بووە و بەهۆیەوە لەکار کەوتووە. ئاماژەی بەوەش دا کە بەهۆی کێشەکەوە دووکەڵ چووەتە نێو پاسەکە، بەڵام ئەمە دەرەنجامی ئاگرکەوتنەوە یان سوتان نەبووە.

ستوونی ئاشکرای کرد، بە پێی ڕێکارەکان پاسێکی جێگرەوە دابین کراوە و پرۆسەی گواستنەوەی عومرەکارەکانی ئەنجام داوە. لە کۆتاییدا دڵنیایی دا کە سەرجەم عومرەکارەکان تەندروستییان باشە و هیچ حاڵەتێکی گیانلەدەستدان یان برینداربوون تۆمار نەکراوە.

 
Fly Erbil Advertisment | فلاي اربيل