ئیسرائیل 110 ملیار دۆلار بۆ دروستکردنی پیشەسازیی سەربازیی سەربەخۆ وەبەرهێنان دەکات
سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، بۆ کۆتاییهێنان بە پشتبەستنی وڵاتەکەی بە چەکی دەرەکی و تەنانەت هاوپەیمانەکانیشی، بودجەیەکی زەبەلاحی ملیار دۆلاری بۆ بنیاتنانی پیشەسازییەکی سەربازیی سەربەخۆ ڕاگەیاند؛ ئەم هەنگاوەش دوای ئەوە دێت کە بەهۆی شەڕی دوو ساڵەی غەززە و بەرەکانی دیکەوە، ئیسرائیل ڕووبەڕووی کەمبوونەوەی چەک و سنووردارکردنی هاوردەکردنی بووەتەوە.
چوارشەممە 24ـی کانوونی یەکەمی 2025، بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل ڕایگەیاند، وڵاتەکەی لە ساڵانی داهاتوودا بڕی 110 ملیار دۆلار وەبەرهێنان دەکات بۆ پەرەپێدانی پیشەسازیی چەکی سەربەخۆ. ئەم هەنگاوە لە کاتێکدایە کە سوپای ئیسرائیل بەشێکی زۆری پێداویستییە سەربازییەکانی لە ئەمەریکاوە دابین دەکات و بەهۆی شەڕی دوو ساڵەی لە چەندین بەرەدا، سەرچاوە سەربازییەکانی کەمی کردووە.
بەشێکی زۆری ئەو کەرەستە سەربازییانەی سوپای ئیسرائیل بەکاریان دەهێنێت، لە ڕێگەی ڕێککەوتنێکی هاوکاریی بەرگریی درێژخایەنەوە لە نێوان دوو هاوپەیمانە سەرەکییەکەدا، لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکاوە دێت.
سەرچاوە سەربازییەکانی ئیسرائیل دوای دوو ساڵ شەڕ لە بەرەی جیاوازدا ڕووبەڕووی فشار بوونەتەوە، هاوکات هەندێک وڵات وەک ناڕەزایەتییەک بەرانبەر ژمارەی قوربانییەکان لە غەززە، فرۆشتنی چەکیان بە ئیسرائیل ڕاگرتووە یان لە قۆناغە جیاوازەکانی شەڕەکەدا سنووردارکردنیان سەپاندووە.
لە گوتارێکدا لە میانی مەراسیمێکی سەربازیدا لە بنکەیەکی ئاسمانی لە باشووری ئیسرائیل، ناتانیاهۆ گوتی: "ڕەزامەندیم لەسەر تەرخانکردنی کۆی 350 ملیار شیکڵ (110 ملیار دۆلار) لە ساڵانی داهاتوودا نیشان داوە بۆ بنیاتنانی پیشەسازییەکی چەکی سەربەخۆ بۆ دەوڵەتی ئیسرائیل.
ڕاشیگەیاند، دەمانەوێت پشتبەستنمان بە هەر لایەنێک کەم بکەینەوە، تەنانەت بە دۆستەکانیشمانەوە. پسپۆڕە هەرە زیرەکەکانمان لە پیشەسازییە بەرگرییەکاندا بە ماندووبوونەوە کار لەسەر پەرەپێدانی ئەو سیستەمە چەکانە دەکەن کە پێشکەوتنی ئیسرائیل لە گۆڕەپانی شەڕی داهاتوودا مسۆگەر دەکات.
بەپێی زانیارییەکانی کۆنگرێسی ئەمەریکا، واشنتن لە ساڵی 2025دا بڕی 3.3 ملیار دۆلاری وەک بودجەی سەربازی و 500 ملیۆن دۆلاریشی بۆ هاوکاریی بەرگریی مووشەکی داوەتە ئیسرائیل، بەڵام سەرکردەکانی ئیسرائیل ئاماژەیان بەوە داوە کە نیازیان وایە چیتر پشت بە دابینکەرە بیانییەکان نەبەستن.
بەپێی داتاکانی حکوومەت، ئیسرائیل لە ساڵی 2026دا نزیکەی 16%ـی بودجەی گشتیی خۆی بۆ بەرگری تەرخان دەکات، کە دەکاتە نزیکەی 35 ملیار دۆلار لە کۆی بودجەی گشتی کە 208 ملیار دۆلارە، هەروەها پێش شەڕی غەززە کە بە هێرشەکەی حەماس لە تشرینی یەکەمی 2023 دەستی پێکرد، بودجەی بەرگریی ئیسرائیل نزیکەی 20.4 ملیار دۆلار بوو.
