پارێزگاری هەولێر: ئامادەکاری ئەمنی و کارگێڕی بۆ ڕێوڕەسمەکانی سەری ساڵ کراوە
پارێزگاری هەولێر دەڵێت: هەموو ساڵێک لە پشووی سەری ساڵدا گەشتیارێکی زۆر لە باشووری عێراقەوە سەردانی هەرێمی کوردستان دەکەن و پێشبینیش دەکرێت ئەمساڵ بەراورد بە ساڵانی ڕابردوو گەشتیارێکی زیاتر بێنە کوردستان.
چوارشەممە، 24ـی کانوونی یەکەمی 2025، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، تایبەت بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: چەند رۆژێکە هەموو ئامادەکارییەکی کارگێڕی و ئەمنی کراوە بۆ بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمەکانی کریسمەس و ساڵی نوێ.
پارێزگاری هەولێر، ئاماژەی بەوە دا، لە شارۆچکەی عەنکاوە ڕێوشوێنی پێویستیان گرتووەتە بەر بۆ ئەوەی هاووڵاتییانی کریستیان ڕێوڕەسمەکانی خۆیان بە خۆشی و ئارامی بەڕێوە ببەن.
هاوکات دەڵێت: هەموو ساڵێک لە پشووی سەری ساڵدا گەشتیارێکی زۆر لە باشووری عێراقەوە سەردانی هەرێمی کوردستان دەکەن و پێشبینیش دەکرێت ئەمساڵ بەراورد بە ساڵانی ڕابردوو گەشتیارێکی زیاتر بێنە کوردستان.
خۆشناو گوتیشی: بۆ هاتنی گەشتیاران هەموو ئامادەکارییەکمان کردووە و لە بازگەکانیش ئاسانکارییان بۆ دەکرێت.
