چاودێران: پارتی بانگەشەیەکی شارستانییانە و سەردەمییانە بەڕێوەدەبات

لەگەڵ گەرمبوونی بانگەشەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، پارتی دیموکراتی کوردستان بە شێوازێکی شارستانییانە و دوور لە گرژی، بانگەشەی خۆی بەڕێوەدەبات. 

شەقام و کۆڵانەکانی دهۆک بە پۆستەر و ئاڵای زەردی پارتی ڕازێنراونەتەوە و ئەو حیزبە بە 22 کاندیدەوە کێبڕکێ لەسەر بەدەستهێنانی 11 کورسییەکەی پارێزگاکە دەکات.

چاودێران پێیانوایە، ئامانج، کار و گوتاری پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ خەڵکی کوردستان ڕوون و ئاشکرایە، هەر بۆیە بانگەشەکانیان بە شێوازێکی سەردەمییانە و شارستانییانە بەڕێوەدەچێت و دوورە لە هەر جۆرە گرژی و سەرپێچییەک لە بەرانبەر ڕێنماییەکانی کۆمیسیۆن.

هاشم گابیرکی، چاودێری هەڵبژاردنەکان، ڕایگەیاند: "ئەم شێوازە شارستانییە دەگەڕێتەوە بۆ تێگەیشتنی کادیر و جەماوەری پارتی و سەرکردایەتیی حەکیمانەی حیزبەکە. پارتی پشت بە دەستکەوت و ئاوەدانی و ئارامی دەبەستێت، نەک دروستکردنی گرژی و ئاڵۆزی."

لای خۆیەوە، خالید ئەحمەد، بەرپرسی دەزگای هەڵبژاردنی پارتی لە دهۆک، جەختی لەوە کردەوە، پارتی دەیەوێت ئارامیی هەرێمی کوردستان بپارێزێت و نەهێڵێت ببێتە قوربانیی ململانێکان. گوتیشی: "ئێمە لەسەر ڕێڕەوێکی ڕاست و ڕوون کار دەکەین و ئامانجمان گەیاندنی پەیام و بەرنامەی خۆمانە بە دەنگدەران."

جێگەی باسە، پارێزگای دهۆک بە یەکێک لە ئارامترین پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان و عێراق دادەنرێت و سەرەڕای ئەوەی پارتی گەورەترین حیزبە و زۆرترین کاندیدی هەیە، بەڵام تا ئێستا هیچ سەرپێچییەکی نەکردووە و هیچ سکاڵایەکیشی لەسەر تۆمار نەکراوە، ئەمەش وایکردووە چاودێران ستایشی بانگەشەکەیان بکەن و بە نموونەی ناوی بهێنن.

 
 
Fly Erbil Advertisment