ترەمپ حەز دەکات کیم ببینێتەوە

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا دەڵێت: لە چوارچێوەی گەشتەکەم بۆ کیشوەری ئاسیا دەمەوێت جارێکی دیکە چاوم بە کیم جۆنگ ئون سەرۆکی کۆریای باکوور بکەوێتەوە.

ترەمپ ئەمڕۆ دووشەممە 27ـی تشرینی یەکەمی 2025، لەنێو فڕۆکە تایبەتەکەیدا لە ڕێگەی چوون بۆ تۆکیۆ، قسەی بۆ ڕۆژنامەنووسان کرد و گوتی: زۆرم پێ خۆشە لە چوارچێوەی گەشتەکەم بۆ ئاسیا، جارێکی دیکە چاوم بە سەرۆکی کۆریای باکوور بکەوێتەوە و لەگەڵی کۆببمەوە.

سەرۆکی ئەمەریکا دوای سەردانەکەی مالیزیا، ئەمڕۆکە بەرەو ژاپۆن کەوتووۆتە ڕێ، بڕیاریشە دواتر گەشتەکەی بۆ کۆریای باشوور درێژ بکاتەوە و ڕۆژانی چوارشەممە و پێنجشەممە لەو وڵاتە بمێنێتەوە.

دۆناڵد ترەمپ لە واشنتن بەر لەوەی دەست بەگەشتەکەی بۆ ئاسیا بکات بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند: ئارەزوو دەکەم لەگەڵ کیم جۆنگ ئون، سەرۆکی کۆریای باکوور کۆببمەوە، کە دوایین جار لە ساڵی 2019 چاویان بەیەکتر کەوتووە.

ترەمپ لەگەشتێکی بۆ کیشوەری ئاسیا بەرە بەیانی دوێنێ یەکشەممە گەیشتە کوالالامپوری پایتەختی مالیزیا، لەوێدا واژۆی لەسەر ڕێککەوتنی ئاشتی نێوان تایلاند و کەمبۆدیا کرد و ڕاشیگەیاند، " کۆتاییمان بە هەشتەمین جەنگ هێنا"؛ ئەم قسەیەی ترەمپ لەوەوە سەرچاوەی گرت، کە لە لووتکەی شەرم شێخ لە میسر بە دەستپێشخەرییەکەی ئەو توانرا شەڕی دوو ساڵەی غەززە ڕابگیرێت و ئاگربەست لە نێوان سوپای ئیسرائیل و چەکدارانی حەماس ڕاگەیەندرێت.

 
 
 
Fly Erbil Advertisment