سەرۆک وەزیران کارەکانی دیزاینی نوێی "گەلی عەلی بەگ"ـی بەسەر کردەوە
ئەمڕۆ دووشەممە، 27ـی تشرینی یەکەمی 2025، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، کارەکانی نۆژەنکردنەوەی هاوینەهەواری "گەلی عەلی بەگ" بە دیزاینە نوێیەکەییەوە، بەسەر کردەوە.
لە 28ـی تەممووزی ئەمساڵ، دیزاینی نوێی گەلی عەلی بەگ ڕاگەیەندرا و لە ئێستادا کارکردن لە قۆناغی یەکەمی جێبەجێکردنی ئەم دیزاینە گەشتیارییە بەردەوامە. ئامانجی سەرەکیی ئەم پڕۆژەیە، پەرەپێدانی ژێرخانی کەرتی گەشتیارییە لە هەرێمی کوردستان و بە تایبەت لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران.
بیرۆکەی پڕۆژەکە و ماستەرپلان:
دوو ساڵ لەمەوبەر، تیمێکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و نووسینگەی سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی، سەردانی ئیدارەی سەربەخۆی سۆرانیان کرد بە مەبەستی ئامادەکردنی ماستەرپلانێک بۆ پەرەپێدانی شوێنە گەشتیارییەکانی دەڤەرەکە. دواتر، ماستەرپلانی دیزاینکردنەوەی گەشتیاری گەلی عەلی بەگ و بێخاڵ، لە ژێر چاودێریی ڕاستەوخۆی سەرۆکی حکوومەت و لەلایەن تیمێکی پسپۆڕی نێودەوڵەتییەوە بە ستانداردێکی جیهانی و مۆدێرن، ئامادە و دیزاین کران.
ڕۆڵی سەرۆکی حکوومەت و ئامانجەکان:
سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی لە نزیکەوە چاودێریی جێبەجێکردنی ماستەرپلانەکە دەکات. ئامانجی سەرۆکی حکوومەت ئەوەیە، کەرتی گەشتیاری و شوێنە گەشتیارییەکانی هەرێمی کوردستان بە دیزاینێکی سەردەمیانە و تایبەت بچنە قۆناغێکی پێشکەوتووتر و بتوانن سەرنجی زیاتری گەشتیارانی بیانی بۆ خۆیان ڕابکێشن.
تایبەتمەندییەکانی دیزاینە نوێیەکە:
دیزاینە نوێیەکەی گەلی عەلی بەگ یەکێکە لە پڕۆژە ستراتیجییەکانی کەرتی گەشتیاریی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران و هەرێمی کوردستان. ئەم دیزاینە نوێیە؛ کافیتریا، خواردنگە و شوێنی مانەوە و خەواندنی گەشتیاران لەخۆ دەگرێت، بۆ ئەوەی گەشتیاران بتوانن چێژ لە سروشتی کوردستان و ناوچەکە وەربگرن و ئەزموونێکی خۆش بەدەست بهێنن.
هاوینەهەواری گەلی عەلی بەگ دەکەوێتە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران و یەکێکە لە پڕگەشتیارترین هاوینەهەوارەکانی هەرێمی کوردستان. ساڵانە ژمارەیەکی زۆر گەشتیار لە سەرجەم پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان و عێراقەوە ڕووی تێدەکەن.
