مەسرور بارزانی بۆ کوردستان24: لە ڕێگەی جێبەجێکردنی پڕۆژەکان هەوڵی ڕاکێشانی گەشتیاران دەدەین
ئەمڕۆ دووشەممە، 27ی تشرینی یەکەمی 2025، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، کارەکانی جێبەجێکردنی ماستەرپلانی گەشتیاریی "گەلی عەلی بەگ"ـی بەسەر کردەوە.
سەرۆکی حکوومەت لە لێدوانێکیدا بۆ تەیفوور محەممەد، پەیامنێری کوردستان24، هیوای خواست، پڕۆژەی نوێی گەلی عەلی بەگ، نەک تەنیا بۆ خەڵکی هەرێمی کوردستان و عێراق، بەڵکوو ببێتە شوێنێکی گەشتیاریی جیهانی بۆ گەشتیاران لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و وڵاتانی دیکەش، تاوەکوو بتوانن سروشتی جوان و دڵڕفێنی ناوچەکە ببینن.
مەسرور بارزانی جەختی لە پێویستیی جێبەجێکردنی پڕۆژە گەورەکان کردەوە بۆ ڕاکێشانی گەشتیاری جیهانی، بە تایبەت ئەو گەشتیارانەی کە ئارەزووی بینینی سروشتی کوردستان لە نزیکەوە دەکەن. هاوکات، ئاماژەی بەوە دا، دەیانەوێت خەڵکی ناوچەکەش سوودمەند بن لە هاتنی گەشتیاران.
لە درێژەی قسەکانیدا، سەرۆکی حکوومەت ڕوونی کردەوە، ماستەرپلانی گەشتیاریی گەلی عەلی بەگ، بەشێکە لە پڕۆژەیەکی زۆر گەورەتر، کە لە سەرەتای گەلی عەلی بەگەوە دەستپێدەکات و تاوەکوو بێخاڵ و تەواوی ناوچەکە دەگرێتەوە.
سەرۆک وەزیران دووپاتیشی کردەوە کە دەڤەری سۆران، بە گوێرەی سروشتی جوگرافیای ناوچەکە، لە داهاتوودا دەبێتە شوێنێکی گەشتیاریی زۆر سەرنجڕاکێش.
