دوو فڕۆکەی ئەمەریکی لە باشووری چین کەوتنە خوارەوە
هێزی دەریایی ئەمەریکا ڕایگەیاند، دوو فڕۆکەیان لە دەریای باشووری چین کەوتوونەتە خوارەوە بەڵام هیچ زیانێکی گیانی لێ نەکەوتووەتەوە.
ئەمڕۆ دووشەممە، 27ـی تشرینی یەکەمی 2025، هێزی دەریایی ئەمەریکا ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە تێێدا هاتووە، یەکەم ڕووداو هێلیکۆپتەرێکی 'سی هۆک' بووە کە لە کاتی ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی ئاسایی لەسەر کەشتی جەنگی 'یو ئێس ئێس نیمیتز'ەوە کەوتووەتە ناو دەریای باشووری چینەوە.
ئاماژە بەوەشکراوە، تیمەکانی گەڕان و ڕزگارکردن توانیویانە هەر سێ ئەندامی تیمی هێلیکۆپتەرەکە بدۆزنەوە و ڕزگارییان بکەن.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، دوای نیو کاتژمێر فڕۆکەیەکی جەنگی 'سوپەر هۆرنێت' لە دەریای باشووری چین کەوتە خوارەوە. کە ئەویش لەسەرهەمان کەشتیی جەنگی یو ئێس ئێس نیمیتز بووە. ئاماژەی بەوەشدا، دوو فڕۆکەوانی تێدابووە هەردووکیان خۆیان فڕێداوە و ڕزگاریان بووە.
هێزی دەریایی ئەمەریکا ئەوەشی ئاشکرا کرد، "لێکۆڵینەوە لە هۆکاری ئەو دوو ڕووداوە دەستی پێکردووە."
ئەم ڕووداوانە لە کاتێکدایە کە سەرۆکی ئەمەریکا دۆناڵد ترەمپ بەگەشتێک لە ئاسیایە و بدیاریکراوی لە وڵاتی ژاپۆنە، هەروەها وەزیری بەرگری ئەمەریکا پیت هێگسیت، ئامادەکاری دەکات بۆ دەستپێکردنی گەشتێک بۆ وڵاتانی ئاسیا.
هەر ئەمساڵ دوو فڕۆکەی جەنگی ئەمەریکی کە لەسەر کەشتیی جەنگی 'هاری ئێس ترۆمان' بوون، لەکاتی ڕاپەراندنی ئەرکێکی گرنگ لەشەرقولئەوسەت کەوتنە خوارەوە.
