ژمارەیەکی پێوانەیی ئافرەتان خۆیان بۆ پەرلەمانی عێراق کاندید کردووە

بەگوێرەی ئامارەکانی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، لە کۆی 7,768 کاندیدی گشتی، 2,248ـیان ئافرەتن.

 پەرلەمانی عێراق خاوەنی 329 کورسییە، کە نۆ کورسییان بۆ پێکهاتەکان تەرخان کراون. بەپێی سیستەمی کۆتا، 83 کورسی، کە دەکەنە نزیکەی 25%ی کۆی کورسییەکان، بۆ ئافرەتان مسۆگەر کراون،

ژمارەیەک لە هاووڵاتییان پشتگیریی خۆیان بۆ کاندیدە ئافرەتەکان دەربڕی. چرۆ عەبدوڵڵا، یەکێک لە هاووڵاتییان، گوتی: "بێگومان پشتگیری ئافرەت دەکەین، چونکە ئێمەی ئافرەت دەتوانین ڕاشکاوانە لەگەڵ ئافرەتی دیکە مامەڵە بکەین و هەرچی داواکاریشمان هەیە ئافرەتەکان دەتوانن بۆمانی بێننە دی."

هاووڵاتییەکی دیکە بە ناوی ئامینە عەبدولکەریم، ئاماژەی بەوە دا، "ئێمە وەکو ئافرەتان، پشتگیریی سەرجەم کاندیدە ئافرەتەکان دەکەین چونکە پێمان وایە سەرجەم مافەکانی ئێمە لەڕێگەی تێپەڕاندنی یاساکانەوە بەدی دەهێنن و قسەشیان دەبێت لە سەرجەم یاساکانی دیکە".

 نیاز محەمەدیش جەختی لەوە کردەوە، "خانمان ڕۆڵی باشیان هەبووە لە خولەکانی پێشووی پەرلەماندا و داواکارم لە خولی داهاتووش کاری باشتر بکەن بۆ ئافرەتان".

نەزاکەت حوسێن، کاندیدی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ پەرلەمانی عێراق، بە کوردستان24ی ڕاگەیاند، ئافرەتان پێویستییان بە یاسای وا هەیە، کاریگەری لەسەر عەقڵییەتی کۆمەڵگە بەجێبهێڵێت و ڕێگە بدات ئافرەتان بەشداری لە بوارە جیاجیاکانی کۆمەڵگە بکەن بەبێ هیچ ڕێگرییەک. گوتیشی: "ئەرکی ئێمە وەکوو ئافرەتان قورستر دەبێت لە بەغدا، دەبێت لەلایەک شەڕی یاساکان و جێبەجێکردنی دەستوور بکەین و لە لایەکی دیکەش ڕێگر بین لەوەی، نەهێڵین یاسایەک دەربکرێت کە سەرکوتکردن و چەوساندنەوە و دواخستنی ئافرەتی بە دواوە بێت."

لە هەڵبژاردنەکانی ساڵی 2021دا، ئافرەتان جگە لەو کورسییانەی، بە سیستەمی کۆتا بەدەستیان هێنا، 14 ئافرەتی دیکەش بە دەنگی خۆیان سەرکەوتن. ئەم سەرکەوتنە بە یەکێک لەو هۆکارانە دادەنرێت، بۆ ئەم خولەی پەرلەمان ژمارەیەکی بەرچاو لە ئافرەتان وەک کاندیدی لایەنە جیاوازەکان خۆیان کاندید کردووە، بەو هیوایەی بتوانن ڕۆڵێکی کاراتر لە پەرلەمان و کۆمەڵگەدا بگێڕن.

 
Fly Erbil Advertisment