دەم پارتی: بە کشانەوەی هێزەکانی پەکەکە لە تورکیا، قۆناغی یەکەمی پرۆسەی ئاشتی کۆتایی هات

پارتی دیموکراتی گەلان (دەم پارتی) پێشوازی لە کشانەوەی هێزەکانی پەکەکە لە خاکی تورکیا کرد و بە هەنگاوێکی "چارەنووسساز"ـی ناو برد.

دووشەممە، 27ـی تشرینی یەکەمی 2025، تونجەر باکرهان، هاوسەرۆکی دەم پارتی، بە ڕۆژنامەنووسانی گوت: بڕیاری کشانەوەی پەکەکە، ویستی ئه‌و ڕێكخراوه‌ لە جێبەجێکردنی پرۆسەی ئاشتیی پیشان دەدات و یەکێکە لە هەنگاوە هەرە چارەنووسساز و گرنگەکان.

دەشڵێت: بەم شێوەیەش، قۆناغی یەکەمی پرۆسەی (ئاشتی) کۆتایی هات. داواشی لە حکوومەتی تورکیا کرد لە جێبەجێکردنی قۆناغی دووەمی چارەنووسساز و گرنگ، کە بریتییە لە هەنگاوی یاسایی و سیاسی و بەردەوام بێت.

هاوسەرۆکی دەم پارتی ئاماژەشی دا، پەرلەمان دەبێت کارئاسانی بۆ ئەم پرۆسەیە بکات و ڕێکخستنی یاسایی بۆ قۆناغی گواستنەوە ئەنجام بدرێت نەک تەنیا ڕێکخستنی تەکنیکی، بەڵکوو دەبێته‌ بەردی بناغەی ئاشتی.

جەختیشی کردووەتەوە، چارەسەری پرسی کورد بە واتای بە دیموکراتیکردنی تورکیایە، هەمووان لەم قۆناغە براوە دەبن. ئاماژەی بەوەش کردووە، ڕۆژی پێنجشەممەی داهاتوو لەگەڵ ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆکی تورکیا کۆدەبێتەوە.

دوێنێ یەکشەممە، کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا لە بناری چیای قەندیل و بە بەشداریی 25 چەکدار بەڕێوە چووە؛ سەبری ئۆک، ئەندامی کۆنسەی بەڕێوەبەری کۆما جڤاکێن کوردستانێ (کەجەکە)، لە ڕاگەیەنراوێکدا هەنگاوێکی نوێی کردەیی پارتەکەی لە بارەی پڕۆسەی نوێی ئاشتی لە باکووری کوردستان و تورکیا ڕاگەیاند.

هەروەها کەجەکە داوا لە دەوڵەتی تورکیا دەکات دەستبەجێ یاساکانی پەیوەست بە ئازادی پێویست و ئەنتیگراسیۆنی دیموکراتی دەربکات و دەڵێت "زۆر ڕوون و ئاشکرایە کە ئێمە پابەندین بە بڕیارەکانی کۆنگرەی 12ـه‌وە و بەبڕیاریشین لە جێبەجێکردنی دا؛ بەڵام بۆ جێبەجێکردنییان پێویستە دەستبەجێ ئەو هەنگاوە یاسایی و سیاسییانەی پرۆسەکە بنرێن کە مەرجی بڕیارەکانی کۆنگرەی 12ـی پەکەکە بوون. بۆ ئەم مەبەستە پێویستە یاسای ڕاگوزەری تایبەت بە پەکەکە بە بنچینە وەربگیردرێت و بۆ بەشداریکردن لە سیاسەتی دیموکراتییانەش دەستبەجێ یاساکانی پەیوەست بە ئازادی پێویست و ئەنتیگراسیۆنی دیموکراتی دەربکرێن."

هاوکات دەڤریم پالو, فەرماندەی فەرماندەیی هێزەکانی پاراستنی گەل (هەپەگە) لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ئاژانسی فرانس پرێس ڕایگەیاندبوو، ئەو کشانەوەیە بۆ پاراستنی پرۆسەی ئاشتییە و داواش لە تورکیا دەکات عەبدوڵڵا ئۆجەلان، ڕێبەری زیندانیکراوی پەکەکە لە پێناو سەرخستنی پرۆسەکە ئازاد بکەن.

 
 
 
Fly Erbil Advertisment