توێژینهوهیهك: پیربوونی پێشوەختەی مێشک پەیوەندی بە دڵەڕاوکێوە هەیە
توێژەرانی ژاپۆن حاڵەتێکی نوێ بە ناوی "پێگەیشتنی زیاد لە پێویستیی هیپۆکامپەس" ئاشکرا دەکەن کە دەبێتە هۆی پیربوونی مێشک.
تیمێکی توێژەر لە زانکۆی فوجیتا بۆ زانستە تەندروستییەکان و پەیمانگای تۆکیۆ بۆ زانستە پزیشکییەکان، لە دۆزینەوەیەکی جێگەی سەرنجدا، شێوەیەکی نوێی تێکچوونی مێشکیان خستەڕوو کە ناویان لێناوە "پێگەیشتنی زیاد لە پێویستیی هیپۆکامپەس". ئەم حاڵەتە، کە بە پێشکەوتنی نائاسایی لە پێگەیشتنی خانەکانی مێشک و دەرکەوتنی پێشوەختەی نیشانەکانی پیربوونی دەمارەخانەکان (نێرڤی) دادەنرێت، لە توێژینەوەیەکدا بڵاوکرایەوە کە لە گۆڤاری بەناوبانگی "Neuropsychopharmacology" جێگەی کرایەوە. توێژینەوەکە ئاشکرای کردووە کە ئەم "پێگەیشتنی زیادە"ـی ناوچەی هیپۆکامپەس، کە ڕۆڵێکی بنەڕەتی لە بیرەوەری و ڕێکخستنی سۆزەکاندا دەبینێت، پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆی هەیە بە بەرزبوونەوەی ئاستی دڵەڕاوکێ و زیادبوونی ڕەفتارە دڵەڕاوکێکانی ئەو ئاژەڵانەی لێکۆڵینەوەیان لەسەر کراوە. دکتۆر تسویۆشی میاکاوا، سەرپەرشتیاری توێژینەوەکە، ئاماژەی بەوەدا کە لە کاتێکدا لێکۆڵینەوەکانی پێشوو زیاتر سەرنجیان خستبووە سەر "نەگەیشتنی دەمارەخانەکان" (neuro-immaturity) وەک هۆکارێک بۆ تێکچوونە دەروونییەکان، تیمەکەیان بە دۆزینەوەی پێچەوانەکەی سەرسام بوون، بەو پێیەی هەندێک لە نموونەکان نیشانەی خێرابوونی پیربوونی پێشوەختەی دەمارەخانەکانیان نیشان دا. ئەنجامەکان ئەوەیان پشتڕاست کردەوە کە ئەو مشکانەی بۆ ماوەیەکی درێژخایەن بەر هۆرمۆنی سترێسی "کۆرتیکۆستیرۆن" کەوتبوون، نیشانەکانی ئەو پێگەیشتنە زیاد لە پێویستەیان لە هیپۆکامپەسدا تیادا دەرکەوت لەگەڵ زیادبوونی ڕێژەی دڵەڕاوکێ، کە بەڵگەیە لەسەر ئەوەی فشاری دەروونیی درێژخایەن دەتوانێت پرۆسەی پیربوونی مێشک خێراتر بکات. شیکردنەوەی بۆماوەکان (جینەکان) زیاتر ئەم دۆزینەوەیەی چەسپاند، چونکە دەرکەوت پێگەیشتنی زیاد لە پێویست پەیوەستە بە چالاکبوونی زیاد لە پێویستی بۆماوەکانی Camk2a و Grin2b، کە گرنگییەکی زۆریان لە پەیوەندیی دەمارەخانەیی (synaptic communication) و ڕۆڵێکی یەکلاکەرەوەیان لە فێربوون و بیرەوەریدا هەیە.
