سبەی حەوت هەزار و 500 پارچە زەوی بەسەر فەرمانبەراندا دابەش دەکرێت

سبەی تیروپشک بۆ ناوی حەوت هەزار و 500 فەرمانبەر دەکرێت و زەوییان بەسەردا دابەش دەکرێت.

کارزان هادی، سەرۆکی شارەوانیی هەولێر، تایبەت بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: سبەی سێشەممە 28ـی تشرینی یەکەمی 2025، تیروپشک بۆ حەوت هەزار و 500 فەرمانبەری مەدەنی و سەربازیی دەکرێت و سەرجەمیان لە وەرگرتنی زەوی سوودمەند دەبن.

سەرۆکی شارەوانیی هەولێر، ئاماژەی بەوە کرد، زەوییەکان دەکەونە سەر ڕێگای هەولێر- دهۆک، شوێنی زەوییەکانیش زۆر باشە.

هاوکات گوتیشی: دابەشکردنی زەوی بەردەوام دەبێت و قۆناغ بە قۆناغ دەبێت و، هەموو فەرمانبەرێک زەوی وەردەگرێت، بەڵام بەو مەرجەی پێشتر سوودمەند نەبووبێت.

ئەمە قۆناغی سێیەمی دابەشکردنی زەوییە بەسەر فەرمانبەراندا، لە قۆناغی یەکەم و دووەم 17 هەزار پارچە زەوی بەسەر فەرمانبەراندا دابەش کرا.

لە 27ـی ئاداری 2024، لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، بە فەرمانی سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی، بڕیار درا بە دابەشکردنی زەوی بەسەر هەموو ئەو فەرمانبەرانەی سوودمەند نەبوونە لە وەرگرتنی زەوی. بڕیارەکەش لە 28ـی ئایاری 2024، لە ڕۆژنامەی وەقائیعی کوردستان بڵاو کرایەوە.

 
 
 
Fly Erbil Advertisment