ستارمەر: ژمارەی ئەو هۆتێلانەی پەنابەرەکان تێیدا نیشتەجێبوون، بۆ 200 هۆتێل کەم کراونەتەوە
سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا دەڵێت، ژمارەی ئەو هۆتێلانەی پەنابەرەکان تێیدا نیشتەجێبوونە، بۆ 200 هۆتێل کەم کراونەتەوە و لە داخستنی هۆتێلەکانیش بەردەوام دەبن؛ هاوکات حکوومەتی پێشووی وڵاتەکەی بە ڕایینەکردنی کارەکان و کەڵەکەبوونی پەنابەران لە وڵاتەکە تۆمەتبار دەکات.
کییەر ستارمەر، سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا ڕایگەیاند، حکوومەتەکانی پێشووی وڵاتەکەیان وەکوو پێویست کارەکانی پەنابەرانیان ڕایی نەکردووە، بۆیە دەیان هەزار پەنابەر بەهۆی ئەوەی وەڵامیان نەداراوەتەوە لە لە هۆتێلەکان نیشتەجێ کراون.
دەشڵێت: ژمارەی ئەو هۆتێلانەی پەنابەرەکان تێیدا نیشتەجێبوونە، گەیشتبوونە 400 هۆتێل، بەڵام توانیومانە بۆ 200 هۆتێل کەمی بکەینەوە، باسی لەوەش کردووە، لە داخستنی هۆتێلەکان بەردەوام دەبن و کارەکانی پەنابەران بە خێرایی ڕایی دەکەن و ئەو کێشەیە چارەسەر دەکەن.
بەریتانیا چەندین ساڵە بەهۆی پرسی پەنابەرانەوە دەناڵێنێت، هاوکات چارەسەرکردنی ئەو کێشەیە هەمیشە لە بانگەشەکانی هەڵبژاردن دا، لەلایەن هەموو پارتەکان سەرنجێکی زۆری دەخرێتە سەر و بۆ یەکلاکردنەوەی هەڵبژاردنەکان کاریگەرییەکی زۆری هەیە.
لە ماوەی ڕابردوودا بەریتانیانییەکان لە لەندەن و شارە گەورەکانی دیکە ڕژابوونە سەر شەقامەکان بەهۆی پڕبوونی هۆتێلەکانی وڵاتەکەیان لە پەنابەران خۆپێشاندانیان دەست پێکردبوو، هاوکات بەشێک لە پەنابەران ئاماژەیان بەو کردبوو، هەندێک لە هۆتێلەکان زۆر گرانبەهان، بەریتانییەکان ناتوانن تێیدا بمێننەوە، کەچی پەنابەرەکان ژیانێکی شاهانە تێیدا دەژین.
