چین داوا لە ئەمهریکا دەکات شەڕی بازرگانیی نێوانیان کۆتایی پێ بهێنرێت
وەزیری دەرەوەی چین، ڕایگەیاند، جیهانێکی فرەچەشن لە پێشمانە، داوا دەکەین شەڕی بازرگانیی نێوان چین و ئەمەریکا کۆتایی پێ بهێردرێت، بەردەوامی ئەم شەڕە زیان بە ئابووریی هەردوو وڵات دەگەیێنێت.
ئەمڕۆ دوو شەممە، 27ی تسرینی یەکەمی 2025، وانگ یی، وەزیری دەرەوەی چین، لە کۆڕبەندی ئابووریی پەکین ڕایگەیاند، ترەمپ دەیەوێت لە بازاڕی جیهانیدا قۆرخکاری بکات، وێنەکە ڕوونە لە بابەتی ئابووری و بازرگانیدا ئەمەریکا خەریکی چ جۆرە کارێکە، هەروەها سەپاندنی باجی گومرگی بە سەر کاڵا و شتومەکی چین ئاماژەیەکی باش نییە بۆ ڕێککەوتن و کۆتاییهێنان بە شەڕی ئابووری لە لایەن ئەمەریکاوە.
جەختی لەوە کردەوە، کشانەوەی بەردەوام لە ڕێککەوتننامە و بەڵێنەکان، هاوکات گەڕانەوە بۆ دروستکردنی گرووپ و بلۆکی بازرگانی لە لایەن ترەمپەوە، هەموو ئەمانە نیشانەی پاوانخوازی و قۆرخکارییە لە بازاڕ و ئابووریی جیهاندا.
وانگ یی، گوتی، ناتوانین بە ئاراستەی پێچەوانەی مێژوو هەنگاو بنێین، دڵنیا بن جیهانێکی فرەلایەن لە پێشمانە.
ئەم لێدوانانەی وەزیری دەرەوەی چین لە کاتێکدایە، ئەمڕۆ دووشەممە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا لە میانەی سەردانەکەی بۆ کیشوەری ئاسیا گەیشتە ژاپۆن، بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان وڵاتەکەی لە گەڵ ئهو وڵاته.
دۆناڵد ترەمپ لە کاتی دەستپێکی گەشتەکەیدا، بۆ بەشداریکردن لە کۆڕبەندی هاوکاریی ئابووری وڵاتانی ئاسیا و زەریای هێمن کە لە کۆریای باشوور بەڕێوە دەچێت، بە میدیاکانی ڕاگەیاندووە، باوەڕی بەوە هەیە کە لە گەڵ چین بكەن بە ڕێککەوتن بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕی ئابووریی نێوانیان.
سکۆت باسێنت، وەزیری گەنجینەی ئەمەریکا، ڕایگەیاند، وڵاتەکەی لە گەڵ چین گەیشتوون بە ڕێککەوتنی سەرەتایی، هاوردەکردنی ماددە دەگمەنەکانیش لە چینەوە ئاسایی بووەتەوە، ئەمەش خاڵێکی هەستیاری نێوان هەردوو وڵاتە کە دەبێت بە شێوەیەکی یەکجارەکی چارەسەر بکرێت.
لە بەرانبەردا لی چینگانگ، جێگری وەزیری بازرگانی و نوێنەری چین بۆ بازرگانیی نێودەوڵەتی، پشتڕاستی ئەوەی کردەوە، چین و ئەمهریکا گەیشتوون بە ڕێککەوتنی سەرەتایی بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕی ئابووری و بازرگانیی نێوانیان.
هەینی 19ـی ئەیلوولی 2025، دۆناڵد ترەمپ لە تۆڕی کۆمەڵایەتی (تروس) نووسیویەتی: پەیوەندییەکی زۆر بەرهەمدارم لەگەڵ شی جین پینگ کرد، باسمان لە زۆر بابەتی گرنگی وەک، بازرگانی، بەرەنگاربوونەوەی ماددەی هۆشبەر، کۆتاییهێنان بە جەنگیی ئۆکرانیا و ڕووسیا و ڕێککەوتنی تیکتۆک کرد.
سەرۆکی ئەمەریکا ئاماژەشی داوە، لەگەڵ سەرۆکی چین هاوڕا بوون کە لە لووتکەی ئاسیا و دەریای هێمن لە کۆریای باشوور کۆببنەوە. گوتیشی: دەمەوێت لە ساڵی داهاتوو لە کاتێکی گونجاو بڕۆمە چین و شی جین پینگیش بێتە ئەمەریکا.
لە کۆتاییدا، ترەمپ نووسیویەتی: ڕێککەوتن لە بارەی تیکتۆک بەرز دەنرخێنم.
بەگوێرەی میدیاکانی چین، شی پەیوەندییەکەی بە ئەرێنی و بنیاتنەر وەسفی کردووە، هەروەها بە ترەمپی گوتووە: "پێویستە لایەنی ئەمەریکی خۆی لە گرتنەبەری ڕێوشوێنی تاکلایەنەی سنووردارکەری بازرگانی کە لەوانەیە زیان بەو دەرەنجامانە بگەیەنێت کە لە ڕێگەی چەندین خولی ڕاوێژکارییەوە بەدەستهاتوون، بە دوور بگرێت."
سەرۆکی چین ئاماژەشی داوە، کێشەی تۆڕی کۆمەڵایەتیی تیکتۆک پێویستە لە ڕێگەی گفتوگۆوە و لەسەر بنەمای "یاساکانی بازاڕ" چارەسەر بکرێت.
