مەسرور بارزانی: بارودۆخی ژیانی خەڵكی عێراق زۆر سەختە

بە خواردنی هەنار، یادەوەریت بەهێز بکە و دڵت بپارێزە

وێنەی هەنار، میوەیەکی تەندروست
وێنەی هەنار، میوەیەکی تەندروست

میوەی هەنار، ناسراوە بە ڤیتامین، کانزا و دژەئۆکسێنەرەکانە کە چەندان سوودی بۆ تەندروستیی مرۆڤ هەیە. بەپێی توێژینەوە زانستییەکان، خواردنی هەنار دەتوانێت ڕۆڵێکی گرنگ ببینێت لە پاراستنی دڵ، پێست، یادەوەری و تەنانەت خۆپاراستن لە نەخۆشییە مەترسیدارەکان.

هەنار دەوڵەمەندە بە ماددەی دژەهەوکردنی بەهێز، بەتایبەتی پێکهاتەی "یورۆلیتین" (Urolithins) کە لە ئەنجامی گۆڕانی تۆو و توێکڵی هەنار لەناو جەستەدا دروست دەبێت. ئەم تایبەتمەندییە یارمەتی کەمکردنەوەی نیشانەکانی هەوکردن دەدات، کە هۆکاری سەرەکیی نەخۆشییەکانی دڵ، شەکرەی جۆری دوو و شێرپەنجەن. هەروەها ئاوسان و ئازاری جومگەکان کەمدەکاتەوە و لە پووکانەوەی ئێسک دەتپارێزێت.

پاراستنی تەندروستیی دڵ:
خواردنەوەی ڕۆژانەی شەربەتی هەنار یارمەتی دابەزاندنی پەستانی خوێن و کەمکردنەوەی ئاستی کۆلیسترۆڵی زیانبەخش (LDL) دەدات، کە دوو هۆکاری سەرەکیی نەخۆشییەکانی دڵن.

بەهێزکردنی یادەوەری و پاراستنی مێشک:
دژەئۆکسێنەرەکانی ناو هەنار فشاری ئۆکسیداتیڤ لە مێشکدا کەمدەکەنەوە. توێژینەوەکان دەریانخستووە کە ئەمە یارمەتی پاراستن لە نەخۆشیی ئەلزەهایمەر دەدات و پشتگیری لە یادەوەریی کورتخایەن و درێژخایەن دەکات.

خۆپاراستن لە شێرپەنجە:
تۆوی هەنار تایبەتمەندی دژەهەوکردنی هەیە و دەتوانێت گەشە و بڵاوبوونەوەی خانە شێرپەنجەییەکان خاو بکاتەوە، بەتایبەتی لە قۆناغە سەرەتاییەکانی هەندێک جۆری شێرپەنجەدا.

پاراستنی تەندروستیی پێست:
توێژینەوەیەک دەریخستووە خواردنەوەی شەربەتی هەنار بۆ ماوەی 12هەفتە، توانای پێست بۆ بەرگریکردن لە تیشکی زیانبەخشی سەروو بنەوشەیی (UV) زیاد دەکات، بەمەش لە پیربوونی پێشوەختە و شێرپەنجەی پێست دەتپارێزێت.

پشتگیریکردنی کۆئەندامی هەرس:
هەنار یارمەتی گەشەی بەکتریا سوودبەخشەکانی ناو ڕیخۆڵە دەدات، کە بۆ کرداری هەرسکردن گرنگن و ڕەنگە لە هەندێک نەخۆشیی کۆئەندامی هەرس بتپارێزن.

سەرەڕای ئەم هەموو سوودە، پێویستە هەندێک کەس ئاگاداری خواردنی هەنار بن: بەتایبەت ئەوانەی دەرمانی دابەزاندنی کۆلیسترۆڵ، دژە گەشکە، ڕێکخستنی لێدانی دڵ، یان دابەزاندنی پەستانی خوێن بەکاردەهێنن، دەبێت ئاگاداربن، چونکە هەنار ڕەنگە کارلێک لەگەڵ ئەم دەرمانانەدا بکات و کاریگەرییان بگۆڕێت. بەهۆی بوونی ڕێژەیەکی بەرزی شەکر و کاربۆهیدرات لە تۆوی هەناردا، پێویستە نەخۆشانی شەکرە بە ڕێژەیەکی کەم بیخۆن. هەروەها ئەگەر کێشەی وەک سکچوونت هەیە، باشترە خۆت لە خواردنی هەنار بەدوور بگریت تا دۆخەکەت باشتر دەبێتەوە.

 
Fly Erbil Advertisment